گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی تورکیا دەکات

2020.08.11 - 20:59
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی تورکیا دەکات

ناس کورد-

سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق ئیدانەی هێرشەکەی ئەمڕۆی فرۆكەكانی توركیای بۆ سەر ناوچەی سیدەكانی هەرێمی كوردستان كرد و  داواشدەکات، كێشەكان لەرێگەی گفتوگۆوە چارەسەربكرێن.

 

لە راگەیەندراوێکی کە بەناوی وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکایەتییەکە ڕایگەیاند: " سەرکۆنەی پێشێلکارییە بەردەوامە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە خاکی عێراق دەکەین و ئەو کارە پێشێلکردنێکی ترسناکی سەروەریی خاکی عێراقە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "داوا لە تورکیا دەکەین ئەو هێرشە سەربازییانە و پێكدادانەكان رابگیرێت و لەرێگەی گفتوگۆی هاوبەش و تێگەیشتنەوە چارەسەر بۆ كێشە سنورییەكانی نێوان هەردو وڵات بدۆزرێتەوە."

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی ئاب، کاروانێکی هێزەکانی پاسەوانی سنوریی عێراق لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە کرانە ئامنج و لە ئەنجامدا پێنج ئەندامی ئەو هێزە شەهید بوون.