گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’لە پەرلەمانتارەوە تا وەزیر لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەين’’

پارێزگاری دهۆک: هیچ کەس لای ئێمە خاوەنی پارێزبەندی نییە و ڕێگە بە خۆپیشاندان نادەین

2020.08.11 - 17:29
پارێزگاری دهۆک: هیچ کەس لای ئێمە خاوەنی پارێزبەندی نییە و ڕێگە بە خۆپیشاندان نادەین

ناس کورد-

بریارە سبەینێ خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان ڕێکبخرێت و پارێزگاری دهۆکیش ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانیان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و ڕێگە بەهیچ خۆپیشاندانێک نادەن، دەشڵێت، لای ئەوان هیچ کەس پارێزبەندی نییە و لە پەرلەمانتارەوە تا وەزیر لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەن.

 

ئەمڕۆ سێشەممە،11ی ئابی 2020، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کونگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بە هیچ شێوەیەک ڕێگا بە هیچ گردبوونەوە و خۆپیشاندانێک نادەین لەم بارودوخەدا و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین."

 

ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ داواکاری گشتی لەسەر خەتن بو سزادانی هەموو ئەو کەسانەی کە خوپێشاندان دەکەن و بانگەشەی بۆ دەکەن، هێزە ئەمنیەکانیش ئاگادارکراونەتەوە کە نابێت لەم بارودوخەدا ڕێگا بە هیچ کارێکی لەم شێوەیە بدرێت.

 

پارێزگاری دهۆک لە درێژای وتەکانیدا وتی: "هەموو ئەو دەزگایانەش ڕوبەڕوی یاسا دەکرێنەوە کە بانگەشە بۆ خوپیشاندان دەکەن، لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان هەموو ڕێکارێک لەگەڵ هەر کەسێک دەگرینەبەر."

 

عەلی تەتەر ئاماژەی بەوەشکرد: "هیچ کەسێک لە دیدی ئێمەدا خاوەن پارێزبەندی نییە، نە ئەندامی پەرلەمان و نە وەزیر و نە هیچ بەرپرسێکی حزبی و سیاسی و ئەمنی و حکومی، هەرکەسێک کە بیەوێ لەم بارودوخە نە گونجاوەدا ببێتە هوکاری بڵاوبوونەوەی ڤایروسەکە لە لای ئێمەوە ڕێکاری توندی یاساییان بەرامبەر دەگرینەبەر."

 

پارێزگاری جەختیشیکردەوە: "بۆیە داوادەکەم هیچ کەسێک نەبێتە بەشێک لەو هاوکێشەیە و هەست بە بەرپرسیاری بکەن بەرامبەر کۆمەڵگاکەمان."