ناس کورد-
بزوتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند، پێویستە دەستبەجێ حکومەتى هەرێم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن بۆ کۆتایی هێنان بەو یاسا شکێنی و قاچاخچێتیەى لە سنورەکاندا تەشەنەی کردووە و ئەوان لەو بارەیەوە بێهەڵوێست نابن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لە ڕاگەیەنراوێکى رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند "ژیانی موچەخۆران و ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە ئاستێکی خراپدایە، بەڵام لەبری ھەنگاونانی خێرا بۆ چاکسازی و چارەسەری کێشەی موچە، کەچی قەبارەی گەندەڵی و قاچاخچێتی بە ئەندازەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە".
ئاماژەى بەوەشکردووە"بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت تەنها لەپێناو چاکسازی و ڕێگریکردن لە گەندەڵی و قاچاخچێتی بووە، بەدڵنیاییەوە ئێمە نەک نابینە پاسەوانی ئەم بەد ڕەفتاری و کارە نایاساییانە، بەڵکو بەھەموو توانایەکمان ڕووبەڕووی دەبینەوەو بێدەنگ و بێھەڵوێست نابین".
"ئێستا سەرباری گەندەڵی و قۆرخکاری کۆمپانیاکانی نزیک لە حیزب، کەچی بەشێک لە بەرپرسان بەھاوکاری دامەزراوە ئەمنیەکان، سەرقاڵی قاچاخچێتی مەترسیدارن و بە ئاشکرا لە بازاڕدا نوسینگەی قاچاخیان داناوەو ھەموو کاڵایەکی قەدەغەکراو بەبێ ھیچ پشکنینێک دەھێننە کوردستانەوە، کە ئەمەش جگە لە یاسا شکێنی و گەندەڵی، مەترسیشە لەسەر تەندروستی ھاوڵاتیان"، وتەبێژى گۆڕان وایوتووە.
وتەبێژى گۆڕان جەختیکردووەتەوە، گۆڕان پێداگیری دەکات لە سەر چاکسازی لە دۆسیەی نەوت و خاڵی سنوری و باج و سیستەمی موچە.
ئەوەشى خستوەتەڕوو"پێویستە دەستبەجێ سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و هەموو کابینە و هەردوو حزب و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن بۆ کۆتایی هێنان بەم یاسا شکێنی و قاچاخچێتیە کە لە سنورەکاندا تەشەنەی کردوەو بوەتە هۆی بەهەدەردانی مانگانەی دەیان ملیۆن دۆلاری داهاتی هەرێم".