ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
به ئامانجی گهیشتن به چارهسهرێكی هاوبهش لەبارەی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکان پلانێكی وردیان بۆ گهیشتن به ئهنجام لەگەڵ حکومەتی هەرێم داڕشت. وتەبێژی دەستەی دەروازە سنورییەکان دەڵێت، بەفەرمانی کازمی ناتوانن وردەکاریی پلانەکە لە ئێستادا ئاشکرابکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ی ئابی 2020، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و عومەر وائیلی، سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوریەكانی عێراق کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانى پەیوەست بە خاڵە سنورییەکان، دواى کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن حکومەتەوە.
دواى کۆبوونەوەکە عومەر وائیلی ڕایگەیاند، "لەسەر بڕیاری مستەفا كازمی دەستەی دەروازە سنورییەكان لیژنە لە دەروازە سنورییەكان دروستدەکات بە سەرۆكایەتی بەڕێوەبەری دەروازەكان و ئەندامێتیی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بۆ پشكنینی هەموو ئەو كۆنتێنەرانەی ماددەی كیمیاییان تێدایە و بە هۆكاری جیاجیا لە دەروازەكان ماونەتەوە".
سهبارهت بهدهروازه سنورییهكانی ههرێمی كوردستان، عومهر وائیلی باسیلەوەکرد، "كازمی كۆبونهوهیهكی ئامادهكاریی كردوه به ئامانجی گهیشتن به چارهسهرێكی هاوبهش لهگهڵ ههرێمی كوردستان، بۆ ئهو مهبهستهش پلانێكی ورد لهسهر بنهمای هاوبهشی بۆ گهیشتن به ئهنجامێكی باش دانراوه".
دەروازە سنورییەکانى حکومەتى هەرێم تا ئێستا لە دەرەوەى کۆنتڕۆڵى حکومەتى عێراقدان و لەژێر ڕکێفى حکومەتى هەرێمدان، بەڵام بەغدا دەیەوێت هاوشێوەى دەروازەکانى باشور و ناوەڕاست ئەو دەروازانەى هەرێمیش بخاتە ژێر کۆنترۆڵى خۆیەوە یان بەشدار بێت لە بەڕێوەبردنیاندا بەڵام بەرێککەوتن لەگەڵ هەرێم.
کۆنترۆڵکردنى ئەو دەروازانە لە چوارچێوەى هەڵمەتەکەى حکومەتەکەى کازمیدایە کە مانگێک لەمەوبەر دەستیپێکرد بۆ کۆنترۆڵکردنى دەروازە سنورییەکان، بەمەبەستى دورخستنەوەى دەستى گروپە چەکدارەکان و بنەبڕکردنى گەندەڵى.
سەبارەت بە وردەکاری ئەو پلانەی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانراوە بۆ چۆنێتی بەشداربوون لە ئیدارەدانی دەروازە سنورییەکانی هەرێم، عەلادین قەیسی، وتەبێژی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند "بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ناتوانین لە ئێستادا هیچ جۆرە زانیارییەک ووردەکاریەک دەربارەی ئەو پلانە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند ئاشکرابکەین".
وتیشی، "داوامانلێکراوە تا بە شێوەیەکی تەواو ڕێککەوتن لەوبارەیەوە لە نێوان حکومەتی ناوەندی وحکومەتی هەرێمی کوردستاندا نەکرێت لێدوان بۆدەزگاکانی ڕاگەیاندن نەدەین".
عەلادین قەیسی ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ڕۆژانی ئایندەدا ڕاگەیانراوێکی تێروتەسەل دەربارەی پلانەکە و میکانزمی چۆنێتی بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێم بڵاودەکەینەوە وردەکاری کۆبوونەوەکەش دەخەینەڕوو".
پرسی کۆنتڕۆڵکردنى دەروازە سنورییەکانى هەرێم لەلایەن بەغداوە بەم دواییانە چەند جارێک لەنێوان بەرپرسانى هەرێم و بەغدا تاوتوێکراوە، بەتایبەتى لە دوایین سەردانى شاندى هەرێم بۆ بەغدا، بەڵام هەرێم داواى دەسەڵاتدارانى بەغداى لەو بارەیەوە رەتکردووەتەوە.
سەربارى ئەو رەتکردنەوەیە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر شاندێکی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و دەروازە سنورییەکان سەردانی دەروازەی سنوری باشماخیان کرد لە سنوری پارێزگای سلێمانی.
"کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ تەنها لە نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکان ئەنجامدرا بە ئامادەبوونی چەندڕاوێژکارێکی کازمی و هیچ بەپرسێکی کوردیش لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەنەبوو"، عەلادین قەیسی وایوت.
هەرێمى کوردستان چوار دەروازەى فەرمى هەیە لەگەڵ هەریەکە لە ئێران و تورکیا کە پێکهاتوون لە حاجى ئۆمەران لەنێوان پارێزگاى هەولێر-ئێران، باشماخ و پەروێزخان کە دەکەونە نێوان پارێزگاى سلێمانى-ئێران و ئیبراهیم خەلیل لەنێوان پارێزگاى دهۆک-تورکیا، لەگەڵ دەیان خاڵى دیکەى نافەرمى کە ڕۆژانە جموجۆڵى بازرگانى گەورە بەخۆیانەوە دەبینن.
بەغدا چاوى لەوەیە بەهەر رێگەیەک بووە بەشدار بێت لە بەرێوەبردنى ئەو دەروازە سنورییانە، بە ئامانجى گەڕانەوەى داهاتەکانیان بۆ خەزێنەى گشتى کە بەهۆى قەیرانى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوتەوە زیانى زۆرى بەرکەوتووە.
لەبارەی بڕی داهاتی بەدەستهاتوو لە دەروازەكاندا عومەر وائیلی ئاشکرا یکردووە، "سەرەڕای نەهێشتنی باجی گومرگی و بەخشینی زۆربەی كاڵاكان و داخستنی زۆربەی دەروازە سنووریەكان بەهۆی كۆرۆناوە، داهاتی دەروازە سنوریەكان لە مانگی تەمموزی رابردوودا گەیشتووەتە نزیكەی 100 ملیار دینار".