گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’هەڵكردنی ئاڵای سپی’’

جێگری تەندروستی سلێمانی: ئەم جۆرە داهێنانە بەس لە قەد و باڵای ئەم جۆرە ئیدارەیە ئەوەشێتەوە

2020.08.10 - 20:57
جێگری تەندروستی سلێمانی: ئەم جۆرە داهێنانە بەس لە قەد و باڵای ئەم جۆرە ئیدارەیە ئەوەشێتەوە

ناس كورد-

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی لەبارەى نرخی چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەڵێت، ئەو جۆرە لە بازرگانیکردنە بە نەخۆشی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی تایبەت هەڵکردنی ئاڵای سپی وەزارەتی تەندروستییە بۆ کەرتی تایبەت و ئەوپەڕی فەشەلی ئیدارەدانی کەرتی گشتییە لە دابینکردن یان کۆنتڕۆڵکردنی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لە هەرێم بە گشتی و بە تایبەتیش لە زۆنی زەرد."

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ی ئابی 2020، هێرش سەید سەلیم کە جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانییە لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، ئەو نرخە زۆرانەى لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان هەیە بۆ کۆرۆنا "هیچ خزمەتێك بە فراوانكردنی خزمەتگوزاری تایبەت بە كۆرۆنا ناكا جگە لە جیاكاری چینایەتی هاوڵاتیان و كەوتنەژێر پێی خەڵكی نەدار، جگە لەوەش ئاراستەیەكی خراپە بۆ ساردكردنەوەی كارمەندانی كەرتی گشتی بەو پێیەی ئەوان بێ موچە خزمەت دەكەن ولەولاوە كارمەندانی كەرتی تایبەت بە پاككراوی لێی ئەخۆن."

 

دەشڵێت، "ئەم جۆرە لە داهێنانە بەس لە قەدو باڵای ئەم جۆرە لە ئیدارە ئەوەشێتەوە كە نەتوانێ سادەترین خزمەتگوزاری بۆ كۆی هاوڵاتیانی دابین بكات، من تا ئێرە ڕووسوورم كە ئەوەی لە توانام دابووبێ لەگەڵ هاوكارەكانمان كردوومانە بەبێ بەرامبەر و شانازی بە سەرجەم ستافی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و دەورووبەری دەكەم كە لە كارگوزارێكەوە تا بەڕێوەبەری گشتی لەماوەی ڕابردوو ئێستاشدا بەردەوامن لە دابینكردنی خزمەتگوزاری خۆڕایی بۆ تووشبوانی كۆرۆنا لە سەنتەرەكانمان بەڵام لێرە بەدواوە ئۆباڵی بەلاڕێدابردنی ئەو خزمەتە لە ئەستۆی ئێمە نییە."

 

دیاریکردنى نرخى مانەوە و چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا لەلایەن وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمەوە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان مشتومڕى دروستکردووە، لیژنەى تەندروستى پەرلەمان دەڵێت، نرخەکان هێشتا زۆرن و دەبێت زیاتر دابشکێنرێن، وەزارەتیش دەڵێت ئەو نرخانە داشکێنراون ئەگەرنا زیاترن.  

  

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ی ئابی 2020، وەزارەتى تەندروستیی هەرێم بڕیاریدا بە دابەزاندنى نرخى مانەوە و چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، دواى ئەو رەخنانەى لەزۆرى نرخى ئەو نەخۆشخانانە گیرا.  

  

بەپێی بڕیارەکە، نرخەکان دواى کەمکردنەوەیان لەنێوان 500 هەزار بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار دیناردایە، بۆ هەر توشبوویەکى کۆرۆنا کە لەنەخۆشخانە ئەهلییەکان بمێنێتەوە.  

me_ga.php?id=696  

دیاریکردنى نرخەکان شەپۆلێک ناڕەزایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدواى خۆیدا هێنا و هەندێک رەخنە لەوە دەگرن کە هێشتا نرخەکان زۆر بەرزن و پێویستە زیاتر کەمبکرێنەوە، هەندێکى دیکەش داواى دەستلەکارکیشانەوەى وەزیرى تەندروستى دەکەن.  

  

بەپێی رونکردنەوەیەکى وەزارەتى تەندروستى، نرخەکانی چارەسەری کۆرۆنا بەهۆی باروگوزەرانی هاوڵاتیان لەم دۆخەی ئێستای نەخۆشی کۆرۆنا، بەڕێژەی 40 تا 50لەسەدای نرخەکان لەلایەن لیژنەیەکی ڕاوێژکاری کەمکراوەتەوە بە فەرمانی وەزاری ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویست دەرچووە.  

  

ئاماژەى بەوەشکردووە، تیمەکانی پشکنین بەدواداچوونی ڕۆژانە دەکەن و وەزارەت بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی نرخەکان و رێگانادرێت بە هەر زیادەرۆیی و سەرپێچیەک.  



  

بەپێی بەدواداچونەکانى ناس کورد، نرخەکان پێش کەمکردنەوەیان لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان لەنێوان 1500 هەزار دۆلار بۆ دوو هەزار دۆلاردا بووە و لەهەر توشبوویەکى کۆرۆنا وەرگیراوە کە لەو نەخۆشخانانە ماوەتەوە.  

  

کەمکردنەوەى نرخەکان لیژنەى تەندروستى پەرلەمانى کوردستانى رازینەکردووە کە دوێنێ یەکشەممە بڕیاریدا لەو بارەیەوە بەدواداچوون بکات.  

  

شایان کاکەساڵح، جێگرى سەرۆکى لیژنەى تەندروستى لە پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند "بەو نرخانە رازى نین کە وەزارەت دیاریکردووە و خواستى ئێمە کەمکردنەوەى زیاترى نرخەکانە تا لەگەڵ بارودۆخى خەڵک بگونجێت".  

  

وتیشى، "نرخەکان زۆرن و موبالەغەى زۆریان تێداکراوە، جگە لەوە ئاستى خزمەتگوزاریی لەو نەخۆشخانانە باش نییە بەراورد بە هەندێ نەخۆشخانەى حکومى".  

  

لەهەرێمى کوردستان ژمارەیەکى زۆر نەخۆشخانەى تایبەت بوونیان هەیە، کە هەریەکەیان نرخى جۆراوجۆریان هەیە بۆ چارەسەرى نەخۆش، لەناویاندا نرخى چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا.  

  

لەدواى سەرهەڵدانى کۆرۆنا لەهەرێمى کوردستان نەخۆشخانە ئەهلییەکان ئامادەنەبوون توشبووانى کۆرۆنا وەربگرن، تا دواتر وەزارەتى تەندروستى ناچاریکردن بە وەرگرتنى توشبووانى کۆرۆنا.  

  

شایان کاکە ساڵح وتى، "ئەو نەخۆشخانانە سەرەتا رازى نەبوون توشبووانى کۆرۆنا وەربگرن، بە پاساوى ئەوەى دۆخى نەخۆشخانەکان تێکدەچن و ناچارن خەرجى زیاتر بکەن، بەڵام وەرگرتنى توشبوو لەئێستادا پاساو نییە بۆ دیاریکردنى نرخێکى بەرز".  

  

جەختیشیکردەوە، بەدواداچوونەکانیان لەو بارەیەوە بەردەوام دەبێت، تا نرخى نەخۆشخانە ئەهلییەکان زیاتر کەمبکرێنەوە.