گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارەکە هیچ پەیوەندی بە سەرۆکی حکومەتەوە نییە

ڕونکردنەوەیەک لە تەندروستیی هەولێرەوە لەسەر چۆنێتی دابەشکردنی پارەکەی نەخۆشخانەی ڕزگاری 

2020.08.10 - 15:15
ڕونکردنەوەیەک لە تەندروستیی هەولێرەوە لەسەر چۆنێتی دابەشکردنی پارەکەی نەخۆشخانەی ڕزگاری 

ناس کورد-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو پارەیەی وەک هاوکاری دراوە بە نەخۆشخانەی ڕزگاری هی خێرخوازێک بووە و هیچ پەیوەندی بە سەرۆکی حکومەتەوە نییە، ئاماژەی بەوەشكردووە، خێرخوازەکە هەر ئەو رۆژە پارەکەی بەسەر ئەو کەسانەدا دابەشکردووە کە لەدەوامدا بوون.

 

لە ڕونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند: "لەم ڕۆژانەدا خێرخوازێک بڕێک هاوکاری ماددی بە سەر کارمەندانی نەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێر دابەشکردووە و دواتر لە هەندێک سایت وا بڵاوکراوەتەوە کە گوایا لە لایەن سەرۆکی حکومەتەوە نێردراوە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "لە راستیدا ئەم هاوکارییە هیچ پەیوەندییەکی بە سەرۆکی حکومەتەوە نییە و هەر ئەوکاتە هاوکارییەکە لەلایەن ئەو خێرخوازەوە راستەوخۆ بەسەر ئەو کەسانە دابەشکراوە کە لە  نەخۆشخانە لە دەوامدا بوون."

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە، بەشێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەکە گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم نەخۆشخانەکە ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، ئەو پارەیەی کە بۆیان بردراوە بە نادادپەروەری دابەشکراوە و بەشێکی زۆریان وەریان نەگرتووە و بەشێکیشیان یەکی 500 دۆلاریان وەرگرتووە.