گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاوکارى ماددى بۆ پزیشک و کارمەندان نێردراوە و دابەش نەکراوە

پزیشک و کارمەندانى نەخۆشخانەى ڕزگارى گردبوونەوە و بایکۆتى دەوامیان کرد 

2020.08.10 - 11:34
پزیشک و کارمەندانى نەخۆشخانەى ڕزگارى گردبوونەوە و بایکۆتى دەوامیان کرد 

ناس کورد-

پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەی ڕزگاری لەشاری هەولێر لەبەردەم نەخۆشخانەکە گردبوونەوە و دەڵێن، هاوکاری مادی بۆ نەخۆشخانەکە چووە، بەڵام بەشێوەیەکی نادادپەرەرانە دابەشکراوە، هاوکات بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر چووە لای کارمەندەکان و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەی پێدان.

 

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، بڕێک پارە وەک هاوکاری درایە نەخۆشخانەی ڕزگاری بۆ ئەوەی بەسەر کارمەندانی نەخۆشخانەکە دابەش بکرێت.

 

ئەمڕۆ (دووشەممە، 10ی ئابی 2020)، بەشێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەکە لەبەردەم بینای نەخۆشخانەکە گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، ئەو پارەیەی کە بۆیان نێردراوە، بەسەر هەموویاندا دابەش نەکراوە و بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە دابەش کراوە.

 

بەشێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەکە قسەیان بۆ پەیامنێری ناس کورد کرد و ئەوان ڕاگەیاند: "ئێمە پێشتر بەبێ موچە و هاوکاریش دەواممان کردووە و کێشەمان نەبووە، بەڵام ئەوە نادادپەروەرییە کە بەشێک بڕە پارەیەک وەربگرن و بەشێکی دیکە وەری نەگرن".

 

ئاماژەیان بەوەشكرد، ئەوان لەوەش زیاتر توڕە بوون کە داوای مافی خۆیان کردووە، بەڵام بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە پێی وتوون: "عەیبە ئێوە بۆ پارە وادەکەن"، ئەوەش فەرمانبەران و پزیشکەکانى نیگەران کردووە و هاتوونەتە دەرەوە گردبوونەتەوە."

 

یەکێک لە کارمەندەکان بۆ ناس کورد وتی: "من ناوم لە لیستەکەشدا هەبووە بۆ وەرگرتنی پارەکە، بەڵام پێیان نەداوم و وەرمنەگرتووە."

هاوکات کارمەندەکان ئاماژەیان بەوەکرد، تەنها کێشەی پارەیان نیە، بەڵکو لەزۆر شتی دیکەدا جیاوازی کراوە و کێشەی خزمەتگوزاریان هەیە، کارمەندێک بە پەیامنێری ناس کوردی وت: "ئاوی خواردنەوەی لێ نەبوو، چوم لە ئاوی نەخۆشەکانم خواردووەتەوە." 

 

لەکاتی گردبوونەوەکەدا، د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر چووە لای کارمەندەکان و داوای لێکردن کە بچنەوە ناو نەخۆشخانەکە و لەژوورەوە گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان.