ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین برینداربوونی شوانێکی بە دوو فیشەک ڕاگەیاند و شوانەکەش دەڵێت، شەوی ڕابردوو لە بناری قەندیل خەوی لێکەوتووە و بەو هۆیەوە ڕانە مەڕەکەی سنوری ئێرانیان بەزاندووە و کاتێک چووە بیانهێنێتەوە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە تەقەی لێکراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەڕاگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند: "شەوی ڕابردوو بریندارێک بەناوی (ج.ش.ح) گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ کە شوێنەواری دوو فیشەک بەجەستەیەوە بوو".
لە راگەیەندراوەکەدا لەسەر زارى شوانەکەوە ئاماژە بەوە کراوە، لە بناری قەندیل شوان بووە و کاتێک خەوی لێکەوتووە ڕانە مەڕەکەی سنورەکانی ئێرانیان بەزاندووە و دوای ئەوەی خەبەری بۆتەوە ویستویەتی بچێت بیانهێنێتەوە، بەڵام لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران تەقەی لێکراوە و بەو هۆیەشەوە بریندار بووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، شوانەکە لەدایکبووی ساڵی 1986 و دانیشتووی گوندی ( توەسوران)ی سەر بە ناحیەی سەنگەسەرە لە قەزای پشدەر (قەڵادزێ).
ئاماژە بەوەشكراوە، دوای فریاگوزاری سەرەتایی لە نەخۆشخانە خرایە ژێر چاودێری و باری تەندروستی جێگیرە، دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.