ناس کورد-
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لەبارەی نرخی چارەسەری کۆرۆنا لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەرکرد و ڕایگەیاند، دەبێت نرخی خزمەتگوزاری ئەو نەخۆشخانانە %40 تا %50 کەمبکرێنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەنوسراوێکی فەرمی وەزارەتی تەندروستی هەرێمدا کە دوێنێ (یەکشەممە، 9ی ئابى 2020) دەرچووە، هاتووە :"لە بەر بەرژەوەندی گشتی و لەپێناو پاراستنی مافی نەخۆش و ڕەچاوکردنی ڕەوشی خزمەتگوزاری چارەسەری نەخۆشانی کۆرۆنا و بە لەبەرچاوگرتنی بارو گوزەرانی هاووڵاتیان و ڕەوشی ئابوری هەرێم چەند بڕیارێکماندا".
بەگوێرەی بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستی، تەواوی نرخەکانی خزمەتگوزاری چارەسەری بۆ نەخۆشانی کۆرۆنا لەسەرجەم نەخۆشخانەکان سنوردارو یەکسانکراون و نرخەکان دیاری کراون، بەڕەچاوکردنی مەترسی لەسەر ژیانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی.
ئاماژە بەوەشکراوە، نرخی خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە چارەسەری کۆرۆنا لە نەخۆشخانە تایبەتەکان، %40 تا %50 بەگوێرەی جۆرەکانی چارەسەر کەمدەکرێنەوە و بەڕێوەبەرایەتی پشکنین و بەدواداچوون، بەدواداچوونی بەردەوام و ڕۆژانە دەکەن بۆ پابەندبوون.
بەگوێرەی خاڵێکی دیکەی بڕیارەکان، نرخەکانی پشکنینی پزیشکانی پسپۆڕ لەلایەن سەندیکای پزیشکانەوە دیاریدەکرێن، هەروەها هیچ تیمێکی گەڕۆک بۆی نییە بەبێ ڕەزامەندی و ڕێگەپێدانی وەزارەت سەردانی ماڵان بکات.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشكردووە، هاووڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکان بکەن بۆ تۆمارکردنی هەر سکاڵایەک.