ناس کورد-
دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوە هێرشیکرایەسەر و بریندارکرا، ڕۆژنامەنوس، دانا مەنمی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەلایەن چەند کەسێکی سەر بە دەزگای پاراستنی پارتی پەلاماری دراوە و پێشتر داوایان لێکردووە رەخنە لەو حزبە نەگرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕونکردنەوەیەکدا، دانا مەنمی، ڕۆژنامەنوس ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ شەممە 8ی ئابی 2020، كاتژمێر 10:25 خولەکی سەرلەبەیانی، دەزگای پاراستنی بەدناوی پارتی لەڕێگەی پێنج بەكرێگیراوەوە بە دەمانچە لە پشتی نەخۆشخانەی فاروق پەلاماریان دام."
ئاماژەی بەوەشكردووە: "پێش چەند رۆژێك لەمەوبەر دەزگای پاراستنی پارتی لەڕێگەی چەند دۆستێكەوە پەیوەندییان پێوە كردم و داوایان لێكردم كە ڕەخنە لە پارتی و بنەماڵەی بەرزانی و مەلا مستەفا نەگرم، داوایان كردبوو سەردانی دەزگا بەدناوەكەی پاراستن بكەم لە سلێمانی و پلەو پۆست و وەزیفەكانم بۆ بگەڕێننەوە، بەڵام من لای خۆمەوە داواكەیانم ڕەتكردەوەو پێم گوتن ئەو دەزگایە بۆنی دێت و بۆگەنی كردووە و داماڵدراوە لە بەھا و ئەخلاق و موراڵ ."
دانا مەنمی دەشڵێت: "ئەوەی ئەمڕۆ دەزگای پاراستنی بەدناو كردی بەرامبەر بە ئێمە و پێشتریش بەرامبەر ئازادیخوازان و نوسەران و ڕۆژنامەنووسان كردوویەتی، جگە لە خۆناشیرینكردن و بەدناوی ھیچی تری بۆ نەماوەتەوە، ئەم كلتورە ناشیرینە كلتوری میراتی مەلا مستەفایە بۆ نەوەكانی ماوەتەوە، پارتی ھەرچەندە گەورەو بەھێز بێت، بارتەقای گەورەی و بەھێزییەكە لە دەنگی ئازادو قەڵەمی بوێر و ھەقبێژی دەترسێت، ترس پاڵنەری ھەڵسوكەوتەكانی پارتییە، پارتی دوژمنی ھەرەسەرەكی مرۆڤی بەئاگاو كۆمەڵگای زیندووە حیزبێكی سەركوتكەرو چەپێنەری ئازادییە ."
ئەو ڕۆژنامەنوسە ڕونیشیکردووەتەوە: "ئەم جۆرە كارانە كە مرۆڤی جەبان بە بڕیاری دەزگایەكی بەدناو پێی ھەستاون ورەو ئیرادەی ئێمە ناڕوخێنێت، چونكە لە جەوھەردا بونەوەری ترساوو بئئیرادە نین ،بە ئاشكرا دەپەیڤین و دەنوسین و لەتاریكیدا نانوسین بەردەوام دەبین بۆ خزمەتكردنی نەتەوەو نیشتیمان "
دانا مەنمی ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە كۆتایی دا سوپاسی یەك بە یەكی دكتۆرە بەڕێزەكان لە بەشی شكاوی وتیشك لە نەخۆشخانەی شۆڕش دەكەم كە زۆر لە خۆبووردوانە و دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە ئەركی سەرشانی خۆیان بەجێگەیاند خودا مەحفوزیان بكات ."