ناس کورد-
دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، لەقەزای چەمچەماڵی سەربە پارێزگای سلێمانی شەش تیرۆرستی داعشیان دەستگیرکردووە کە بەبیانووی کارکردن و باخداری پلانیان داناوە حەشارگەیەک لەو سنورە دروست بکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "لەسەر بنەمای زانیاری و چاودێری بەردەوام و وردی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی ، سەربەدەزگای ئاسایشی ھەرێم، زانیارییان بەدەستهێنا لەسەر چەند تیرۆریستێکی داعش، کە لەسنوری چەمچەماڵ بەناوی کارکردن و کرێکاری و ناسنامەی ساختەوە خۆیان حەشارداوە و لەچەند کێڵگەیەکدا کاری باخداری دەکەن."
ئاماژەی بەوەشكردووە: "دوای چاودێری و بەدواداچوونی ورد زانیاری و بەڵگەی دروست بەدەست ھاتن و پاش رەزامەندی دادوەر، بە بڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەھاوکاری بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ھەڵمەتی دەستگیرکردنی تیرۆریستانیان لەسنوری چەمچەماڵ دەستپێکرد و لەچەند ئۆپراسۆنێکدا 4ی ئەم مانگە تیرۆریستانی تاوانبار (ج .م تەمەن 26 ساڵ و تیرۆریست ئ .ھ تەمەن 30 ساڵ دەستگیرکران کە ھەردووکیان خەڵکی فەلوجەن ."
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوەش خستووەتەڕوو: "لەکاتی دەستگیرکردنی تیرۆریست ( م.ھ تەمەن 29 ساڵ ) لەدەست ھێزەکانی ئاسایش هەڵاتووە و دواتر بە برینداری دەستگیرکراوە، کە ساڵی 2014 بەیعەتیان داوە بەداعش و چەکدار بوون و بەشداربوون لەچەندین تاوانی دەرحەق بە مرۆڤایەتی."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە: "ھەر لەمیانی بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان پەیوەست بەو دۆسێیەکە، ھێزەکانی ئاسایش رۆژی 5ی ئاب، لە دوو ئۆپراسێۆنی جیادا سێ تیرۆستی تریان لەسنوری بەردەقارەمان و ناو شاری چەمچەماڵ دەستگیرکرد کە پەیوەندیان بەھەمان گروپەوە ھەبووە و ھەریەک لە تاوانباران ع . م تەمەنن31 ساڵ و ع . ع تەمەنی 22 ساڵ کە خەڵکی مەحمودییەن دوای ھەڵھاتنیان دەستگیکران، ھەمان ئێوارەش لەناو شاری چەمچەماڵ تیرۆریست ع . د تەمەن 29 ساڵ خەڵکی بەغدا دەستگیراکرا کە لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامەو رووبەرووی یاساو دادگاکرانەوە."
دەزگای ئاسایش هەرێم ئاماژەی بەوەشكردووە: "بەپێی زانیارییە بەدەستھاتووەکان تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان لە خواروی عێراقەوە ھەڵھاتوون و مەرامیان بووە لە سنوری چەمچەماڵ حەشارگەیەک دروستبکەن و رێگایەکی پەیوەندی دروستبکەن لە گەڵ چەند شانەیەکی نھێنی تیرۆرستانی داعش بۆ رێکخستنەوەو جێبەجێکردنی مەرامەکانیان، بەڵام پێش دەستبەکاربوونیان پیلانەکەیان ئاشکراکراو دەستگیرکران."
جەختیشیکردووەتەوە : "لەماوەی رابردوودا ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم چەندین تیرۆریستی دیکەیان لەسنوری سلێمانی و گەرمیان و شاروشارۆچکەکانی ھەرێم دەستگیرکردووە و لەبەر سەلامەتی لێکۆڵینەوەو ئارامی و ئاسایشی ھاووڵاتیان زانیارییەکان پارێزراون و ھێڵراونەتەوە و دۆسێکانیان لە لێکۆڵینەوەدان و لەداھاتوودا زانیاری وردیان لەبارەوە دەخرێتەڕوو."