گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پڕۆژەی لامەرکەزیی سلێمانی چی بەسەرهات و کەی ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت؟

2020.08.08 - 19:12
پڕۆژەی لامەرکەزیی سلێمانی چی بەسەرهات و کەی ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت؟

ناس کورد-

لەئێستادا ڕەشنوسی پرۆژەی لامەرکەزیی سلێمانی خراوەتە بەردەست کۆمەڵێک کەسی شارەزا بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوە بۆی و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، بە ئەگەرێکی زۆر مانگێکی تر دەنگ لەسەر پڕۆژەکە دەدرێت و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت.

 

ڕۆژی 1ی ئەیلولی 2020، لیژنەی پڕۆژەی لامەرکەزیی سلێمانی کۆتا کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و ڕەشنوسی پڕۆژەکەی ئامادەکرد.

 

ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکئ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی وت: "لەئێستادا پڕۆژەکە خراوەتە بەردەست ژمارەیەک لەو کەسانەی کە پێشتر پێشنیازی پرۆژەکەیان کردووە و خوێندنەوەی بۆ دەکەن، دواتر دەهێنرێتەوە ئەنجومەنی پارێزگا."

 

وتیشی: "دواتر پڕۆژەکە دەخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگاوە بۆ دەنگدان و دوای ئەوە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت."

 

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕونیشیکردەوە: "کردنی ئەو کارانە زۆر ناخایەنێت و پێشبینی دەکەم لە دوو هەفتە تا مانگی داهاتوودا پڕۆژەکە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت."

 

لەبارەی وەڵامدانەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پڕۆژەکە، ئازاد محەمەد ئەمین ئاماژەی بەوەکرد: "بەهۆی ئەوەی پڕۆژەکە پڕۆژەیەکی گرنگە و تایبەتە بە هەموو هەرێمی کوردستان، بۆیە پێدەچێت بەخێرایی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە وەڵام بدرێتەوە."

 

پڕۆژەی لامەرکەزی سلێمانی، لەلایەن لیژنەکەی تایبەتەوە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئامادەکرا، ئەوەش دوای ئەوەی کە بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومونەکە و پەرلەمانتاران و چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە کە  پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لەلایەن حکومەتەوە پەراوێز خراوە و پێویستە دەسەڵاتی زیاتر بدرێتەوە پارێزگاکان بۆ ڕاییکردنی کارەکانی تایبەت بەخۆیان و بۆ هەموو کارێک پێویست بە فەرمان و واژووی حکومەت نەکات.