گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خۆپیشاندان دەستی پێکرد

ڤیدیۆ؛ لوبنانییەکان بە گسک و بەرد پارێزگاری بەیروتیان ڕاونا

2020.08.08 - 17:57
ڤیدیۆ؛ لوبنانییەکان بە گسک و بەرد پارێزگاری بەیروتیان ڕاونا

ناس کورد-

لە کاتی سەردانکردنی بۆ ئەو گەڕەکانەی کە بەهۆی تەقینەوەکەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە بەیروت زیانیان پێگەیشتبوو، چالاکانی مەدەنی هێرشیان کردە سەر پارێزگاری شارەکەوە و بە بەرد و گسک ڕاویان نا.

 

بەپێی گرتە ڤیدییۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بڵاوبووەتەوە، مروان عەبود، پارێزگاری بەیروت لەلایەن هاوڵاتیان و چالاکانی مەدەنیی شارەکەوە بە دەبەی ئاو، بەرد و گسک هێرش دەکرێتە سەر ئۆتۆمبێڵەکەی لەکاتی تێپەڕبوونی بە ناوچەی (مارمیخایل) کە یەکێکە لەو گەڕەکانەی کە لەئەنجامی تەقینەوەکەی 4ی ئەم مانگەدا توشی زیانێکی زۆربووەتەوە. 

 

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لوبنان ئاماژەیان بەوەکردووە، هۆکاری هێرشەکە سەر عەبود بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو فەرمانی بە هێزەکانی ناوخۆی شارەکە کردووە ڕێگەنەدەن کەسانی خۆبەخش و هاوڵاتی ئاسایی لە شوێن و ئاسەواری ڕووداوی تەقینەوەکەدا بوونیان هەبێت و سەرقاڵی هەڵگرتنی دارپەردووی باڵەخانەکان بن، بۆئەوەی توشی ڕووداوی نەخوازراو نەبن، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی بەشێک لە باڵەخانەکان توشی درز و قڵێشێکی زۆر بووەنەتەوە و مەترسی هەرەسهێنانیان لەسەرە. 

 

هاوکات چالاکانی و خەڵکی بەیروت لە چەند ناوچەیەکی شارەکە خۆپیشاندانیان لەدژی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەستپێکرد و هێزە ئەمنییەکانیش دەیانەوێت بە گازی فرمسێکڕێژ بڵاوە بە خۆپیشاندانەکان بکەن.

 

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، خۆپیشاندەران دەیانەوێت خۆیان بگەیەنن بە گۆڕەپانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە و هەوڵی لابردنی بەربەستی کۆنکرێتی بیناکە دەدەن.

 

هەر بەپێی زانیارییەکان، دەیان خۆپیشاندەر بریندار بوون تائێستا.

 

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، تەقینەوەکەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووی بەندەری بیروت زیاتر لە 300 هەزار کەسی ئاوارە کردووە، هەروەها 158 کوژراو و زیاتر لە شەش هەزار برینداری هەیە، هاوکات 21 کەسیش تائێستا بێسەروشوێنن و سۆراغیان نییە.