ناس کورد-
ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی ئاشكرای دەكات، بەمنزیكانە یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە و ئەو بەربەستانەى پێشتر هەبوون بۆ ئەنجامنەدانى کۆبوونەوە نەماون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کۆتایی مانگى ڕابردوو بافڵ تاڵەبانى هاوسەرۆکى یەکێتى لەگەڵ هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى بەجیا کۆبووەوە، ئەوەش بە ئامانجى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتى کە چەندین مانگە روویان لە گرژبوون کردووە، بەڵام هێشتا وادەى کۆبوونەوەى هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتى و یەکێتى نادیارە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی بەناس كوردی ڕاگەیاند، "یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە بەڵام كەی كۆ دەبینەوە ئەوا وتەبێژی یەكێتی وادەكەی دەزانێت، ئەوان لەپەیوەندیدان بۆ ڕێكخستنی ئەو كارە بەڵام وەكو پرەنسیپ بەمنزیكانە كۆدەبنەوە" .
وتیشی، "بەربەستەكانی بەردەم ئەنجامنەدانی كۆبونەوەكانی یەكێتی و پارتی لەئێستادا نەماون".
لەکۆبوونەوەکانى بافڵ تاڵەبانى و نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى بڕیارى پێکهێنانى چەند لیژنەیەک دران بۆ چارەسەرى کێشەکان، بەڵام هێشتا لیژنەکان دەستبەکارنەبوون.
لەبارەی هەڵبژاردنى پیشوەختە لەعیراق ئەگەری یەك لیستی یەكێتی و پارتی، سەعدی ئەحمەد پیرە وتی " قسەی وەها نەكراوە و ئێستا كاتی باسكردنی ئەو پرسانەش نییە"
کۆبوونەوەکەى هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتى و یەکێتى ئەگەر ئەنجام بدرێت، دەبێتە یەکەم کۆبوونەوە لەنێوانیاندا لەدواى کۆنگرەى یەکێتى یەوە لەکۆتایی ساڵى ڕابردوودا.
لەچەند مانگى ڕابردوودا چەند جارێک وادەى کۆبوونەوەى هەردوو حزب دیاریکرا، بەڵام دواتر بەهۆى گرژى پەیوەندییەکانیان و شەڕى ڕاگەیاندنى نێوانیانەوە دواخرا.