گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ژمارەیەک کۆڵان و گەڕەک هێشتا ڕەقەمیان لێ نەدراوە’’

لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بەربەست و کێشەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختە ئاشکرا دەکات

2020.08.08 - 13:42
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بەربەست و کێشەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختە ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بە بڕیارێكی سیاسی هەیە و كێشە لۆجیستی و تەكنییەكانی یاسای هەڵبژاردنەكانیش بەربەستن لەبەردەمیدا.

 

حەسەن عەقابی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، یاسای هەڵبژاردنەكان چەند كێشەیەكی تێدایە، لەوانە كێشەی تەكنیكی كە ئەستەمە كۆنتڕۆڵبكرێت و هێشتا گفتوگۆ لەبارەیەوە بەردەوامە، چونكە ئامارێكی وردیان لەبارەوە نییە بۆ ئەوەی بتوانن بازنەكان بەشێوەیەكی دادپەوەرانە دابەشبكەن.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، چەندین گەڕەك و كۆڵان لە ناحیە و قەزاكاندا ژمارەیان لێنەدراوە بۆ ئەوەی بتوانن دابەشی بكەن بۆ پڕۆسەكە و ئەوەش کۆمەڵێک گرفتی بێ چارەسەر هێشتووەتەوە.



لەبارەی گرفتە سیاسیەكانی یاساكەشەوە عەقابی وتوویەتی، "ئەوەی كە پەیوەندی بەلایەنی سیاسیەوە هەیە بەتایبەت لەپارێزگاكانی دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار و موسڵ چەند كێشەیەك هەیە لەنێوان هەرێم و فیدراڵدا بەتایبەتی لەناوچە كێشەلەسەرەكان".

 

دەشڵێت، پێویستە یاسای هەڵبژاردنەكان لەخودی هەڵبژاردنەكان جیابكرێتەوە و ئەوەش پێویستی بەبڕیارێكی سیاسی هەیە سەرباری لایەنە تەكنیكیەكەی كە كۆمسیۆن لێی بەرپرسیارە و دەشبێت حكومەت ئامادەسازی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕابگەیەنێت و لایەنە سیاسیەكەشی پێویستی بەهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەیە.

 

بە بڕیارى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق، شەشى حوزەیرانى داهاتوو وەک وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە دیاریکراوە، بەڵام هێشتا یاساى هەڵبژاردنەکان بەتەواوى لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندنەکراوە، بەهۆى ناکۆکى لایەنەکان لەسەر دابەشک 

 

هاوکات سەلیم شوشکەیی، ئەندامی هەمان لیژنەی پەرلەمانی بە ڕۆژنامەكەی وتووە، هەڵبژاردنەكان پێیوستیان بە ئامادەسازی لۆجستی و تەواوكردنی سەرجەم لایەنە تەكنیكیەكانی هەیە.

 

دەشڵێت، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان بەپەلەیی و لەدۆخێكدا كە عێراق دوچاری پەتای كۆرۆنایە و كێشەی ئەمنی و ئابوری هەیە و دەنگیش لەسەر خشتەی پاشكۆی یاساكە نەدراوە كۆمەڵێك گرفتن دەبێت تاوتوێ بكرێن بۆ ئەوەی گەرەنتی  ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك بكات.

 

هۆشداری ئەوەشیداوە، نەبوونی ئامارێك دووبارە دەرفەت بۆ ساختەكاری دەڕخسێنیت و ئەوەش دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی حیزبە بچوكەكان.

 

هاوكات سەرۆكی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسانی بەش و نوسینگەی هەڵبژاردنەكانی بەغدا و كەرەخ ئەنجامداوە بۆ تاوتوێ كردنی چەند پرسێكی گرنگ.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەو كۆمسیۆنە، لەو كۆبونەوەیەدا تاوتوێ پلانی نوسینگەی پارێزگاكە كراوە تایبەت بە دۆسیەی تۆماری بایۆمەترى و دابەشكردنی كارتی ئەلیكترۆنی بایۆمەتر و كاركردنی تیمە گەڕۆكەكان و گەیاندنی هاریكارییەكان بۆ هۆشیار كردنەوە و هاندانی بەشداری كردن و ڕادەستكردنی كارت و بایۆمەتریەكەیان.