ناس کورد-
وەزارەتى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، دوو مەرجیان دیاریکردووە بۆ فرۆشتنى کارەبا بەعێراق و نابێت ئەو پرسە ببێتە هۆى کەمکردنەوەی کارەبای نیشتمانی لە ھەرێم.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
رۆژى 27ی تەموزی 2020، ئاژانسی فەرمی عێراق لەزارى ماجد مەهدی حەنتوش وەزیری کارەبای عێراقەوە گواستییەوە، زیاتر لە 650 مێگاوات کارەبا بۆ نێو تۆڕی نیشتیمانی عێراق زیاد دەکرێت کە 450 مێگاواتیان لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکەن وبری 200 مێگاواتیش لە وڵاتی تورکیاوە.
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "عێراق بەنیازە بڕە کارەبایەک لە ھەرێمی کوردستان و تورکیاوە بۆ شارەکانی خۆی ڕابکێشێت، ئێمەش ئەو بابەتەمان تاوتوێکردووە بەڵێنمان داوە بە مەرج ڕێگە پێدانەکە بە بەغدا بدەین".
رونیشیکردەوە "نابێت ئەو کارەبا پێدانە ھیچ کاریگەریەکی لەسەر کەمکردنەوەی کارەبای نیشتمانی لە ھەرێم ھەبێت و بەغداش سووتەمەنی بۆ یەکە لەکارکەوتووەکانی کارەبای ھەرێمی کوردستان دابین بکات و کارەباکە لەو یەکانەوە ببات".
ئومێد ئەحمەد جەختیکردەوە، ھەرچەندە ئەو یەکانەی لەکار کەوتوون ھی وەبەرھێنەرانە، بەڵام ھەرکات حکومەتی عێراق ئەو مەرجانەی جێبەجێکرد و حکومەتی ھەرێمیش ڕەزامەند بوو، ئەوکات ڕێگەی پێ دەدرێت.
بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى کارەباى هەرێم، لە ئێستادا نزیکەی 11 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەهۆی نەبوونی سوتەمەنییەوە لەکارکەوتوون کە کۆی توانای بەرهەمهێنانیان نزیکەی دوو هەزارمێگاواتە.
هەر بەپێی ئامارەکان، لە ئێستادا سێ هەزارو 300 مێگاوات کارەبا لەهەرێم بەرهەمدەهێنرێت، لەکاتێکدا خواستى تەواوی هاووڵاتیانی هەرێم لەسەر کارەبا نزیکەی چوارهەزار 500 مێگاواتە.
پێشتر ئومێد ئەحمەد بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، ئەوان دەتوانن بە دوو ڕێگا هاوکاری حکومەتی عێراق بکەن لە پرسی پێدانی تەزووی کارەبا ئەوەش لە ڕێگەی تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە کە بەستراوە بە تۆڕی کارەبای وڵاتی تورکیاوە لە قەزای زاخۆ بەتۆڕی کارەبای عێراق، چونکە عێراق تەنها لەڕێگەی تۆڕی کارەبای هەرێمەوە دەتوانێت ئەو بڕە کارەبایە لە تورکیاوە هاوردە بکات.
رونیشیکردبووەوە، رێگەى دووەم ئەوەیە ئەگەر حکومەتی ناوەندی سوتەمەنیان پێبدات دەتوانن وێستگە لە کارکەوتووەکان بخەنە گەڕکە نزیکەی دوو هەزارمێگاواتە توانای بەرهەمهێنانی کارەبایان هەیە.