گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خەونی ئێران و میلیشیاكان دەزڕێت

کارنامەى سەردانەكەی كازمی بۆ كۆشكی سپی چوار تەوەر لەخۆدەگرێت

2020.08.08 - 12:06
کارنامەى سەردانەكەی كازمی بۆ كۆشكی سپی چوار تەوەر لەخۆدەگرێت

ناس کورد-

 

سەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانى عێراق بۆ ئەمریكا چوار تەوەرى سەرەكی لەخۆ دەگرێت كە كۆی پرسە گرنگە ناوخۆیی و نێو دەوڵەتی و ناوچەییەكانی عێراقە و پێدەچێت لەهەندێ پرسدا ڕێكکەوتنی تێدا واژۆ بكرێت.

 

 

بڕیارە سەردانەکەى کازمى لە20ی ئەم مانگەدا ئەنجام بدرێت و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و ژمارەیەک بەرپرسى باڵاى ئەمریکادا کۆبێتەوە، ئەوەش بەپێی بەیاننامەیەکى کۆشکى سپى کە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە.

 

كێبڕكێى توندى تاران و واشنتۆن

بەپێی راپۆرتێکى ڕۆژنامەی (عەرەبی) چاپی لەندەن کە پشتى بەچەند سەرچاوەیەکى ئاگادار لەسەردانەکە بەستووە، تەوەری یەكەمی سەردانەكە بۆ تاوتوێكردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكانی عێراق و تاوتوێكردنی كێبڕكێ توندەكانە بۆ زاڵبوونی هەژموونەكان بەسەر عێراقدا بەتایبەتی ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و گەیشتنی بەئاستی شكاندنی ئێسكەكە. دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ فشارەكانی بۆ سەر ئێران توند كردەوە و ئەویش تا ئەو شوێنەی توانی وەڵامی فشارەكانی دایەوە بەبەكارهێنانی میلیشیا شیعەكانی نزیكی لەعێراق لەدژی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا.

 

بەوتەى چاودێران، سەردانەكە چەند ناونیشانێكی دیاری سیاسی و ئەمنی هەڵدەگرێت بەڵام لایەنە عێراقییەكان دەخوازن دۆسییەی ئابووری لەسەرووی هەموویانەوە بێت. 

 

هەر بەپێی سەرچاوەكان، تەوەرى یەكەمی كارنامەكەی کازمى کە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكدا تاوتوێی دەکات، ئایندەی هێزەكانی ئەمریكا و هێرشە موشەكییە بەردەوامەكانە بۆ سەر ئەمریكا لەلایەن میلیشیا چەكدارەكانی سەر بەئێران لەعێراقدا، ئەگەری ئەوەش هەیە هەردوولا لەسەر نەخشەڕێگایەك بۆكەمكردنەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ شەڕی داعشدا بگەنە ڕێكەوتن. بەڵام كەمكردنەوەی نێردەی هاوپەیمانان كاریگەری لەسەر هاریكارییە سەربازییەكانی نێوان ئەمریكا و عێراق نابێت، ئەوەش تەوەرى دووەمە لەكارنامەی سەردانەكەی كازمی.

 

پاڵپشتییەكانی ئەمریكا بۆ عێراق

سەرچاوەكان ئەوەشیان ئاشكرا كردووە، تەوەرى سێەمی كارنامەكە پەیوەندی بەتاوتوێكردنی پاڵپشتیەكانی ئەمریكاوە هەیە بۆ كەرتی ئابووری و كارەبای عێراق، بەغدا بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی ئەو دوو كەرتە داوای پاڵپشتیكردنی واشنتۆن دەكات.

 

سەرچاوەكان باسیان لەوەشكردووە، تەوەرى چوارەمی كارنامەكەی كازمی لەواشنتۆن، پەیوەندی بەتاوتوێكردنی گرژی و ئاڵۆزییە بەردەوامەكانی ئەمریكا و ئێرانەوە هەیە و پێدەچێت سەرۆك وەزیرانی عیراق بیەوێت ڕۆڵێكی كاریگەر بۆ هێورکردنەوەى بارودۆخی نێوان هەردوو وڵات بگێڕێت.

 

چاودێران وای بۆ دەچن، ئەو ماوەیەی ماوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەرفەتێكە بۆ هەندێ كاری پاڵەوانێتی لەلایەن ئەمریكا و ئێرانەوە لەسەر خاكی عێراق و كازمیش هەوڵی ئەوە دەدات دڵنیابێت كە ئەو تەقینەوە گشتگیرەی نێوان هەردوولا ڕوونادات.

 

ترسی میلیشیاکان

 بەپێى راپۆرتەکە، میلیشیا عێراقییەکانى سەر بەئێران دەترسن کازمى رێککەوتن واژۆبکات بۆ پاکتاوکردنیان یان سنوردارکردنى تواناکانیان لەگەڵ ئەمریکا و بەشێوەیەک کە رێگەپێدان بە ئامانجگرتنیان لەخۆ بگرێت.

 

باس لەوەشکراوە رێگەپێدانى حکومەتى عێراق بە ئەمریکا بۆ دانانى سیستەمى دژە موشەک لەناو کۆمەڵگەى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا، بە ئامادەکاریی بەغدا لێکدەدرێتەوە بۆ ئاسانکاریی پڕۆسەى دژایەتى هەر پلانێکى ئێران لەناوچەکە.

  

 تا ئێستا سیستەمەکە بووەتە هۆى بەرچەچدانەوەى دوو هێرشى موچەکى بۆ سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا کە لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانەوە ئەنجامدراوە.

 

چاودێران پێشبینى دەکەن کازمى روبەڕووى فشارى توند بێتەوە پێش سەردانەکە و دواى سەردانەکەش لەلایەن لایەنگرانى ئێرانەوە لەناوخۆى عێراق، بۆ ئەوەى بەغدا نەگاتە هیچ لێتێگەیشتنێکى قوڵ لەگەڵ ئەمریکا.

 

دوای سەردانەكەی بۆ تاران، سەردانەکەى ئەمریکا دەبێتە دووەم سەردانى مستەفا كازمی بۆ دەرەوە، لەدرێژەی زنجیرە سەردانەكانیدا كە پێشتر خراوەتە بەرنامەی كارەكانیەوە وەكو هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ چارەسەر كردنی چەند پرسێكی تایبەت بەوڵاتەكەی لەگەڵ وڵاتانی دیكەی جیهاندا.  

 

بەپێی بەیاننامەیەکى کۆشکى سپى، تەوەرێكی سەردانەكەی كازمی بۆ تاوتوێكردنی بەرەنگاربوونەوەى تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێت. هەروەها ئەمریكا و عێراق بەو پێیەی دوو هاوبەشی نزیكن هەوڵی بەرفراوانكردنی پەیوەندییەكانیان دەدەن و تاوتوێى هاریكاری لەبوارەكانی ئاسایش و وزە و تەندروستیدا دەكرێت.