گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

جەمیل بایک هۆشداریدەدات: راپۆرت دژى پەکەکە ئامادەکراوە تا پێشکەشى پەرلەمانى کوردستان بکرێت

2020.08.08 - 11:28
جەمیل بایک هۆشداریدەدات: راپۆرت دژى پەکەکە ئامادەکراوە تا پێشکەشى پەرلەمانى کوردستان بکرێت

ناس کورد-

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایدەگەیەنێت، هەندێ راپۆرت دژى پەکەکە ئامادەکراون تا پێشکەشى پەرلەمانى کوردستان بکرێن، هۆشداریشدەدات کە پێویستە هیچ کەسێک دژی پەکەکە هەنگاوی لەو شێوەیە نەنێت.

 

جەمیل بایک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانى پەکەکە ڕایگەیاندووە، " هەندێ ڕاپۆرت ئامادەکراون. دەیانەوێت ئەو ڕاپۆرتانە پێشەکەش بە پەرلەمانی باشوور بکەن، دەیانەوێت لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە سیاسەت بکەن. من لێرە هۆشیاری بە هەموو کەسێک دەدەم. پێویستە هیچ کەسێک لەدژی پەکەکە ڕاپۆرت و ماپۆرت ئامادە نەکات، هەنگاوی بەو شێوەیە نەنێت".

 

وتیشى "پەکەکە لە حەفتانین ناچێتە دەرەوە، هیچ کاتێکیش دەست لە شەڕەکەی هەڵناگرێت. کەس ناتوانێت ڕێگری لێبکات. پێویستە ئەو بڕیارەی کە دەدرێت لەدژی تورکیا بێت. با ڕابگەیەنن کە پێویستە تورکیا لە باشوور بچێتە دەرەوە. با لە خاکەکەمان بچنە دەرەوە. کاری تورکیا لە باشوور چییە، لەسەر خاکەکەمان چییە".

 

دەشڵێت "ئەمڕۆ هەموو کەسێک دەزانێت کە تورکیا جاشەکانی بە تەواوەتی کردووەتە کۆنترا و لەدژی گەلی کورد بەکاریان دەهێنن. ئەو هەنگاوەی ئێستا لە باشوور دەنرێت لەسەر ئەم بناغەیەیە".

 

"پەدەکە کۆبوونەوە ڕێکدەخات. دەڵێت پێویستە ئێوە چەک هەڵگرتن و پارێزگاری لە گوندەکانتان بکەن. ناتوانێت بە ئاشکرایی ڕایبگەیەنێت کە تورکیا ئەمەی دەوێت و ئێمە لەسەر ئەم بناغەیەی ئەم کارە دەکەین. دەڵێن، ئێوە گوندەکانتان دەپارێزن"، جەمیل بایک وایوتووە.

 

وتەکانى جەمیل بایک هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامى شەڕى سەختى نێوان تورکیا و پەکەکە لەناوچە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان، کە نزیکەى دوو مانگە بەردەوامە دواى ئەوەى تورکیا ئۆپراسیۆنێکى سەربازى بەرفراوانى دەستپێکرد.