گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق و پێنج وڵاتى عەرەبی لەبارەى رێککەوتنى ئۆپیک پڵەسەوە هەڵوێستێکى هاوبەشیان ڕاگەیاند

2020.08.07 - 23:50
عێراق و پێنج وڵاتى عەرەبی لەبارەى رێککەوتنى ئۆپیک پڵەسەوە هەڵوێستێکى هاوبەشیان ڕاگەیاند

ناس کورد-

 

شەش وڵاتى عەرەبی لەناویاندا عێراق، پابەندبوونى خۆیان بە رێککەوتنى ئۆپیک پڵەس دوپاتکردەوە، بە ئامانجى گەڕانەوەى هاوسەنگى بۆ بازاڕى نەوتى جیهانى.

 

وەزارەتى نەوتى عێراق لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیرى نەوت تاوتووێی پێشهاتەکانى ئەمدواییەى بازاڕى نەوتى کردووە، لەگەڵ بەردەوامى بوژانەوەى چالاکییە ئابورییەکان و خواست لەسەر نەوت، سەربارى بەرەوپێشچوونەکان بە ئاڕاستەى گەڕانەوەى هاوسەنگى بۆ بازاڕى نەوت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو پرسانە لەپەیوەندى تەلەفۆنى هاوبەشى نێوان وەزیرانى نەوتى عێراق، سعودیە، ئیمارات، کوەیت، بەحرەین، عەممان تاوتوێکراون.

 

هەر شەش وەزیرەکە لەبەیاننامەیەکى هاوبەشدا جەختیانکردەوە لەسەر ئەوەى کە ئاماژەکانى ئەمدواییەى بوژانەوەى ئابورى جیهانى ئاماژەى هاندەرن.

 

هەروەها ئەو وەزیرانە پابەندبوونى تەواوى خۆیان بە رێککەوتنى ئۆپیک پڵەس و ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت دوپاتکردووەتەوە، لەپێناو خێراکردنى پڕۆسەى گەڕانەوەى هاوسەنگى بۆ بازاڕى نەوت، ئەو وڵاتانەشى کە لەسێ مانگى ڕابردوودا ئاستى بەرهەمهێنانیان بەرزکردووەتەوە، دواتر قەرەبووى بکەنەوە.

 

لەمانگى حوزەیرانى ئەمساڵدا وڵاتانى ئۆپیک پڵەس رێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەى رێککەوتنى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى نەوت بە بڕى 9.7 ملیۆن بەرمیلى رۆژانە، بۆ ماوەى مانگێکە دیکە.

 

وڵاتانى ئۆپیک پڵەس لە مانگى نیساندا رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت بەبڕى 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوتى رۆژانە لە ئایار و حوزەیراندا، هەروەها بە بڕى 7.7 ملیۆن بەرمیلى رۆژانە لە مانگى تەموزدا تا کۆتایی ئەمساڵ.