گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەماشا بکە لوبنانییەکان چی بە وەزیری داد دەکەن (ڤیدیۆ)

هەشت هەزار بینای بەیروت زيانيان پێگەيشتووە و داواى خۆپيشاندانى ڕۆژى توڕەيى دەكرێت

2020.08.07 - 14:00
هەشت هەزار بینای بەیروت زيانيان پێگەيشتووە و داواى خۆپيشاندانى  ڕۆژى توڕەيى  دەكرێت

ناس کورد-

ئەميندارى گشتیی دەستەى باڵاى بەهاناوەچوونى لوبنان ئاشكراى دەكات، بەهۆى تەقينەوەكەى بەيروتەوە هەشت هەزار تەلار زيانيان پێگەيشتوەتە و گروپێكى جوڵانەوەى جەماوەريش داوا لە هاوڵاتيان دەكات كە بەشدارى لە خۆپيشاندانى "ڕۆژى توڕەيى" بكەن لەدژی گەندەڵى و بۆ لێپرسينەوە لە بەرپرسانى تەقينەوەكە.

 

گروپێكى جوڵانەوەى جەماوەرى سبەینێ شەممەى دیاری کردووە بۆ خۆپيشاندانى "ڕۆژى توڕەيى" کە بڕیارە لە بەيروتى پايتەخت و لە مەيدانى شەهيدان ئەنجام دەدرێت.

 

گروپەکە دەشڵێت، "خۆپيشاندانەكە بەهۆى ئەو گەندەڵيیەوە لە وڵاتدا بڵاوبوەتەوە، هەروەها بۆ لێپرسينەوە لە بەرپرسانى تەقينەوەكە، داواش لە هاوڵاتيان دەكەن كە بەشدارى بكەن."

 

لاى خۆيەوە ليوا محەمەد خەير، ئەميندارى گشتى دەستەى باڵاى بەهاناوەچونى لوبنان ڕايگەياندوە، كارەكان بۆ دياريكردنى قەبارەى زيانەكان خێرا كراون و زياتر تەركيز لەو ناوچانە دەكرێت كە زيانى زياتريان بەركەوتوە.

 

باسى لەوەشكردوە، لەناوخۆ و دەرەوەش هاوكارى زيانلێكەوتوان دەكرێت، نزيكەى هەشت هەزار تەلار زيانيان پێگەيشتووە و هەوڵ دەدرێت بە خێڕاترين كات كارەكان تەواو بكرێن.

لاى خۆيەوە جەمال عيتانى سەرۆكى شارەوانى بەيروت باسى لەوەكردوە، سەنديكاى ئەندازياران تەلارە زيانلێكەوتوەكان ديارى دەكەن و دەستەى بەهاناوەچونيش زيانەكان ئاشكرا دەكەن، ئێمەش كار لەسەر ژێرخانى ئاسەوار لەشارەكەدا دەكەين چونكە بەنرخە لەلامان.

 

جەختیشیکردەوە کە لەگەڵ پێنج كۆمپانيا ڕێککەوتوون بۆ لابردنى پاشماوەكان، هەروەها پاسەوان و هێزە ئەمنيەكان 24 كاتژمێر لەناوچەكەدا بڵاوكراونەتەوە، ئەو تيمى ئاگركوژێنەوەى كە لە تەقينەوەكەدا ديارنەمان تەنها جەستەى يەكيان دۆزراوەتەوە كە كچێكى گەنجە بەناوى "سەحەر فارس".

 

وەزیر کەوتەبەر هێرشی لوبنانییەکان

هاوکات دواى ئەوەى مارى كلود نەجم، وەزيرى دادى لوبنان سەردانى شەقامێكى نزيك لە ناوچەى تەقينەوەى شارى بەيروت دەكات، لەلايەن ژمارەيەك خۆپيشاندەرەوە ڕێگرى لێدەكرێت و لە ناوچەكە دەردەكرێت.

 

لە سەرچاوەكانى هەواڵى لوبنان و تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان بڵاوكراوەتەوە، مارى كلون سەردانى ناوچەى جومەيرەى نزيك لە شوێنى تەقينەوەكەى بەندەرى بەيروتى كردووە.

 

ڕونيشكراوەتەوە، بەڵام لەلايەن ژمارەيەك خۆپيشاندەرەوە بەرهەڵستى بۆ دروست دەبێت و ئاوى دەكەن بەسەردا و داواى دەستبەجێ دەستلەكار كێشانەوەى لێدەكەن، وەزيرە ژنەكە دەستبەجێ ناوچەكە جێدەهێڵێت.

تەقينەوەكەى شارى بەيروت كە بەهۆى بوونى 2750 تۆن لە ماندەى نيتراتى ئامۆنيۆمەوە بوو بەهۆيەوە تائێستا 137 كەس گيانيان لەدەستداوە و زياتر لە 5000 كەسيش بريندار بوون، هەروەها نزيكەى 300هەزار كەسيش بي ماڵ و حاڵ بوون.