گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرهەم ساڵح و کازمی دەربارەی کێشە داراییەکانی هەرێم و بەغدا کۆبوونەوە

2020.08.06 - 21:45
بەرهەم ساڵح و کازمی دەربارەی کێشە داراییەکانی هەرێم و بەغدا کۆبوونەوە

ناس کورد-

سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی عێراق دیدارێکی تایبەتیان ئەنجامدا و جەختیانکردەوە لەگرنگی چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێم و پاراستنی مافە دەستورییەكانی هاووڵاتیان و مووچەخۆران.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی ئابی 2020، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران کۆبوونەوە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆكرا دەربارەی كۆی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و تەندروستی و ئابووریی وڵات و جەختكرایەوە لەپێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاك و بێگەرد وەك پابەندبوونێک بەکارنامەی حكومەت.

 

لە تەوەرێکی دیکەدا، هەردوولا جەختیانکردەوە لەگرنگی بەھێزکردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێویستی چارەسەركردنی كێشە داراییەكان، بەجۆرێک مافە دەستورییەكانی سەرجەم هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بپارێزێت.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشكراوە، سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران، دووپاتیانکردەوە لە پێویستی راوەدونانی پاشماوەکانی تیرۆر و بەردەوامیدان بە سەرکەوتنەکانی هێزە ئەمنییەکان و پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکان و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە تەواوی شارەکانی عێراقدا.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، ھاوکات گفتوگۆیشکرا لەبارەی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا و پشتیوانیکردنی لەلایەنە تەندروستییەکان و زامنکردنی سەلامەتی و تەندروستی هاووڵاتیان، هەروەها خستنەرووی چارەسەر و ڕێوشوێنی پێویست بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابووری و كەمكردنەوەی خەرجی حكومەت و زیادكردنی سەرچاوەی داھاتی دەوڵەت و چەسپاندنی بنەمای چاكسازی لە وڵاتدا.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەدا، لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، پەرەسندنە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكان و رۆڵی جەمسەری عێراق لە چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا گفتوگۆی لە بارەوە كرا.