گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سۆمۆ: عێراق بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کەمدەکاتەوە

2020.08.06 - 20:44
سۆمۆ: عێراق بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کەمدەکاتەوە

ناس کورد-

کۆمپانیای سۆمۆی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پلانیان داناوە بۆ کەمکردنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە بەرهەمهێنانی ڕۆژانە لەم مانگەدا، ئەوەش بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، دوای ئەوەی تائێستا پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبووە.

 

لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کۆمپانیای ڕایگەیاند: "وەزارەتی نەوتی عێراق پلانی داناوە بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ڕێکخراوی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەکە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ قەرەبووکردنەوەی مانگەکانی ڕابردووش کە عێراق نەیتوانی پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکە، بڕیارە لەم مانگەدا بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کەمبکاتەوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگەکانی ڕابردوودا عێراق جگە لەوەی بڕی بەرهەمهێنانی کەمنەکردووەتەوە، بەڵکو بەرهەمهێنانی زیاتریش کردووە.

 

 لەمانگی نیسانی ڕابردوو ڕێکخراوی ئۆپێک پڵەس ڕیککەوت لەسەر ئەوەی وڵاتانی بەشداری ڕێکخراوەکە ڕۆژانە بڕی 9.7 ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنان کەمبکەنەوە، ئەوەش بۆ هاوسەنگی دروستکردن لەنرخی نەوتدا کە بەهۆی کاریگەرییە ئابورییەکانی کۆرۆناوە نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی.