ناس کورد-
نوسینگەی تایبەتى عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق لەبارەى تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، مەرجەعیەتی باڵای ئاینی لەنەجەف خەم و پەژارەی خۆی بۆ ڕوداوە جەرگبڕەكە دەردەبڕێت كە لەشاری بەیروتی خۆشەویست ڕوویداوە و بووەتە هۆی قوربانیەكی زۆر لەكوژراو بریندار و بێسەروشوێن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، مەرجەعیەت بەداخە بۆ ئەو دۆخەى كە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار خەڵكی لەماڵ و حاڵی خۆیان و ڕوداوەكەش بووەتە هۆی وێرانكارییەكی بەرفراوان و كەوتنەوەی زیانی زۆر بە باڵەخانەكان و ڕوداوێكی بێهاوتایە لەدەیەكانی ئەمدواییەدا كە ڕوویداوە.
مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان لەڕاگەیەندراوەكەیدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی دەگەیەنێتە گەلی لوبنانی و داوای ئارامی و خۆڕاگری لەبەرامبەر ئەو بەڵا بەئازارەدا لەخودا دەكات بۆ تێپەڕاندنی ئەو نەهامەتیە.
داواش لەموسڵمانان دەكات ئەوانەی كە خواستی خێرخوازییان هەیە لەجیهاندا هاریكاری لوبنانیەكان بكەن و دەستی یارمەتیان بەهەر ڕێگایەك پێیان دەكرێت بۆ درێژ بكەن بۆ ئەوەی كەمێك شوێنەوارەكانی ئەو كارەساتە گەورەیە كەمبكرێتەوە.
مەرجەعیەت داواش لەخوای گەورە دەكات كوژراوانی ڕوداوەكە بخاتە بەر سۆز و بەزەیی خۆیی و سەبورى كەسوكاریان بدات و شیفاش بۆ بریندارەكان بنێرێت.