ناس کورد-
سەرۆکى دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق رایگەیاند، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رەزامەندى دەربڕیوە لەسەر پێکهێنانى لیژنەیەکى بەپەلە بۆ جەردکردنى کۆنتێنەرى دەروازە سنورییەکان ئەوانەى کە خاوەنى سروشتێکى کیمیاوین و مەترسى تەقینەوە و گڕگرتنیان هەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عومەر وائیلى، سەرۆکى دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد، دەستەکەیان پێشنیارێکیان ئاڕاستەى سەرۆکوەزیرانى عێراق کردووە سەبارەت بە پێکهێنانى لیژنەیەکى بەپەلە بەسەرۆکایەتى بەڕێوەبەرى دەروازە سنورییەکان و ئەندامێتى ئەو فەرمانگایانەى کە سەر بە دەروازە سنورییەکانن بۆ جەردکردنى ئەو کۆنتێنەرانەى کە مەترسى گڕگرتن و تەقینەوەیان هەیە و هەڵگرى کەرەستەى (کیمیاوى، نەتراتى ئۆمۆنیا)ن و لەناو دەروازە سنورییەکاندان و دۆزینەوەى چارەسەر بۆیان و دورخستنەوەیان و دانانیان لەو شوێنە چۆڵەوانییانەى کە بۆیان تەرخان دەکرێت.
سەرۆکى دەستەى دەروازە سنورییەکان رونیکردەوە، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رەزامەندى لەسەر پیشنیارەکەیان دەربڕیوە.
وائیلى جەختى لەسەر ئەوە کردەوە ئەو کارە دەبێتە هۆى بەرگرتن بە روداوێکى هاوشێوەى تەقینەوەکەى بەندەرى بەیروت.
ئاماژەى بەوەش کرد، لیژنەکە دەبێت لەماوەى 72 کاتژمێردا کارەکانى تەواو بکات و ڕاپۆرتى خۆى لەو بارەیەوە پێشکەش بکات.
ئێوارەى ڕۆژى (سێشەممە) تەقينەوەيەكى بەهێز شارى بەيروتى پايتەختى لوبنانى هەژاند كە باس لەوە دەكرێت بەهۆى تەقينەوەى مادەى نيتراتى ئامۆنيۆمەوە بووە كە لە كۆگايەكدا بووە لە بەندەرى بەيروت، بەهۆى ئەوەشەوە زياتر لە 100 كەس گيانيان لەدەستداوە و هەزارانى تريش بريندار بوون.