گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەغدا: بەمزوانە شاندی هەرێم دەگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ

2020.08.04 - 17:38
بەغدا: بەمزوانە شاندی هەرێم دەگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ

ناس کورد-

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی حکومەتى عێراق ڕایگەیاند، بەمزوانە شاندێکی حکومەتى هەرێم سەردانی بەغدای پایتەخت دەکەن بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە هەڵواسراوەکان.

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 4ی ئابی 2020، لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەى دواین زانیارییەکان لەسەر دانوستانی هەردوولا و ئەگەری ڕێککەوتنیان، ئەحمەد مەلا تەڵاڵ لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا وتی، شاندەکە بۆ دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکان دێنەوە بەغدا.


وتیشی، "هیچ ڕێگایەک بۆ چارەسەری کێشەکان نییە جگە لە گفتوگۆکردن، بەمنزیکانەش هەموو لایەک مافی خۆی وەردەگرێت."

 

ڕۆژی 28ی تەموزی 2020، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدای بە "زۆر قورس" ناوبردن و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ [28ی تەموز] دوا پێشنیازیان لە بەغداوە بۆ هاتووە لەسەر ڕێککەوتن و هەرێمیش هەر ئەمڕۆ وەڵامی بەغدایان داوەتەوە و پێدەچێت دوای جەژن شاندەکەی هەرێم بچێتەوە بەغدا.  

  

خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا لەمیانەی بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "دانوستانەکانی هەرێم و بەغدا زۆر قورس و ئاڵۆزە، بەڵام هێشیا بی ئومێد نین لەوەی بگەین بەڕێککەوتن."  

  

وتیشی: "هۆکاری قورسی دانوستانەکان ئەوەیە کە بەغدا دەزانێت هەرێم بە چ دۆخێکدا تێدەپەڕێت و دەشزانن کە کارتە سیاسییەکانی ئێمە هێندە زۆرنین لە بەکاریبهێنن و ئەوان زۆرجار ئەو پرسە تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان دەکەن."  

  

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا کە ئەندامی شاندی باڵای هەرێمیشە ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەمڕۆ سێشەممە دوا پێشنیاز لە حکومەتی عێراقەوە گەیشتە ئێمە و ئێمەش هەر ئەمڕۆ وەڵامی خۆمان بۆ ناردنەوە، واتە تاڕادەیەک دانوستانەکان چوونەتە پێشەوە و ئەگەر بەمشێوەیە بێت، لەدوای جەژن دەچینەوە  بەغدا بۆ زیاتر گفتوگۆکردن و گەیشتنە ڕێککەوتن."  

  

خالید شوانی باسی لەوەشکرد: "گرنگە ئێمە لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوین و ئەوەشمان دەوێت، چونکە دۆخی دارایی هەرێم خراپە و داهاتی نەوت کەمە، بەڵام پێویستە ڕێککەوتنەکە مافی هەرێمی تێدا پارێزراو بێت و پێچەوانەی دەستور نەبێت."  

  

دەربارەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم و گرفت بۆ ڕێککەوتن ڕونییکردەوە: "تاوەکە ئێستا بەغدا بەفەرمی دانی نەناوە بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم، بەڵام بەگوێرەی دانوستانەکان کێشەی لەگەڵ ئەو گرێبەستانەدا نییە و ئەوە نابێتە ڕێگر لەبەردەم ڕێککەوتن."