گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’قەیرانی سیاسی عێراق چیدی بەرگەی کێشمەکێش وماتڵ بوون ناگرێت’

بەرهەم ساڵح پشتیوانى لە بڕیارەکەى مستەفا کازمى کرد بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت 

2020.08.04 - 14:29
بەرهەم ساڵح پشتیوانى لە بڕیارەکەى مستەفا کازمى کرد بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت 

ناس کورد-

 سەرۆککۆماری عێراق دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق لەلایەن  سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بەرزنرخاند و ئاماژەی بەوەکرد، ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک وبێگەر خواستێکی سیاسی نیشتیمانییە وئەو قەیرانانەی کە بەرۆکی گەلی عێراقی گرتووەتەوە پێویستی بە بڕیاری نیشتیمانی و بوێر هەیە بۆ ئەوەی چارەسەربکرێن.

 

 ئەمڕۆ (سێشەممە، 4ى ئابی 2020)، نوسینەگەی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق  ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، "بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لە بڕیارەکەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنى پێشوەخت کە بڕیارە لە 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت".

 

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق وتویەتی "ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاک و بێگەرد وئازاد یەکێکە  لە داخوازییە گرنگەکانی چاکسازی سیاسی لەعێراق و ڕەوابوونێکی نیشتیمانییە کە لەئاکامی جوڵانەوەی جەماوەری عێراقدا هاتووەتە کایەوە".

 

سەرۆککۆمار جەخیتکردووەتەوە "دەبێت  حکومەت بەزووترین کات ئەو بەڵێنەی کە داویەتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان جێبەجێبکات و پابەندی بێت، چونکە قەیرانی سیاسی عێراق چیدی بەرگەی کێشمەکێش و ماتڵ بوونى زیاتر ناگرێت".

 

بەرهەم ساڵح ئاماژەى بەوە کردووە "ئەو باردۆخەی کە گەلی عێراق پێیدا گوزەر دەکات پێویست بەوە دەکات لەڕێگەی بڕیارێکی نیشتیمانی بوێرانەوە چارەسەر بکرێت، گەلی عێراق مافی خۆیەتی حکومەتێکی نیشتیمانی، سەربەخۆ و یەکگرتوو لەڕێگەی  هەڵبژاردنێکی پاکو بێگەردەوە هەڵبژێرێت".

 

 بەرهەم ساڵح بە پێویستیزانیوە "بڕیاری هاووڵاتی دەبێت سەربەخۆ بێت و نابێت بخرێتە ژێرهیچ کاریگەرییەکەوە، چونکە چارەسەرە باشەکان هەڵقوڵاوی بڕیاری ڕاستەقینەی هاووڵاتیانی عێراقە". 

 

سەرۆککۆمار داواشی لە پەرلەمانی عێراق کردووە بە زووترین کات دەنگ لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان بدەن و ڕەوانەی سەرۆکایەتی کۆماری بکەن و هەروەها دەستوبردیش لە هەموارکردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی عێراق بکەن  بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی پاک و بێگەرد بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان فەراهەم بکرێت.

 

 بەرهەم ساڵح، جەختی لەوەشکردووەتەوە "ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەر پێوستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێویستە هەڵبژاردنەکان لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی چاودێرانی نێودەوڵەتیدا بەڕێوە بچێت، بۆ ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بتوانێت ڕۆڵی نیشتیمانی خۆی لەو پڕۆسەیەدا بە جوانی بگێرێت".