گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەڕێگەى تۆڕەکانى کارەباى هەرێمەوە کارەبا دەگەیەنرێتە شارەکانى عێراق 

2020.08.04 - 13:17
لەڕێگەى تۆڕەکانى کارەباى هەرێمەوە کارەبا دەگەیەنرێتە شارەکانى عێراق 

ناس کورد-

وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، بەمەبەستی پڕکردنەوەی خواستی هاووڵاتیانی عێراق لە تەزوی کارەبا و زیادکردنی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا، بڕی 650 مێگاوات کارەبا لەوڵاتی تورکیا وهەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکەن، ئاماژە بەوەشکراوە، لەڕێگەی تۆڕەکانی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە ئەو پڕۆسەیە ئەنجام دەرێت.

 

ئەحمەد عەبادی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی فەرمی عێراق ڕایگەیاند "بەمەبەستی پڕکردنەوەی خواستی هاووڵاتیانی عێراق لە تەزوی کارەبا بڕی 450 مێگاوات کارەبامان لە کۆمپانیای کارهاوردە کردووە و بڕی ئەو کارەبایەش لەڕێگەی تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە لەوێستگەی خورمەڵە – کەرکوک ئاڕاستەی ناوچەکانی بەغدا، ناوەڕاست و باشوری عێراق دەکرێت".

 

عەبادی ڕوونیکردەوە "بڕیارە وەزارەتی کارەبای عێراق لەڕێگەی تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە لە ناوچەی سلوپی و فایدە و بە بەستنەوەی بەکارەبای بەنداوی موسل بڕی 200 مێگاوات کارەبا لە وڵاتی تورکیاوە هەناردە بکات و خواستی هاووڵاتیانی پارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەدینی پێ پڕ بکاتەوە".

 

وتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەکرد "بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، قەیرانی ئابوری و لە کارکەوتنی بەشێک لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق بوونەتە هۆکاری دروستبوونی قەیرانی کەمی کارەبا لە بەغداو ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق".

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو "دابەزینی پلەکانی گەرما لە عێراق بەراورد بەڕۆژانی ڕابردوو یارمەتیدەربووە بۆ ئەوەی وەزارەتی کارەبا بتوانێت بەرهەمی تەزووی کارەبای بەرزبکاتەوە بۆ 18 هەزارو600 مێگاوات کە پێشتر بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە بەرهەمی گشتی عێراق لە کارەبا بەنزیکەی دوو هەزار مێگاوات کەمی کردبوو.

 

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر ئومید ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ناس کورد ڕایگەیاند "وەزارەتی کارەبای عێراق تائێستا بە فەرمی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستانی لەبارەی هاوردەکردنی کارەبا لە هەرێمەوە ئاگادارنەکردووەتەوە".



وتیشی :"ئامانجی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە ئێستادا تەنها پڕکردنەوەی خواستی هاووڵاتیانی کوردستانە لە تەزووی کارەبا، بەڵام هاوکاری و هەماهەنگی نێوان وەزارەتی کارەبای هەرێم و عێراق لە دێر زەمانەوە هەبووە وشتێکی نامۆ نییە".

 

ئومێد ئەحمەد ئاماژەى بەوەشکرد "لە ئێستادا 11وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کە توانایان زیاتر لە دوو هەزار مێگاواتە بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی و قەیرانی داراییەوە لەکار وەستاون وهەرکات عێراق سوتەمەنی بۆ ئەو وێستگانە دابین بکات ئەوا بە دڵنیاییەوە دەتوانین هاوکارییان بکەین".