گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەو منداڵە ئێزیدییە کێ بوو لەسەر کورسییەکەى کازمى دانیشت؟ 

2020.08.04 - 10:40
ئەو منداڵە ئێزیدییە کێ بوو لەسەر کورسییەکەى کازمى دانیشت؟ 

ناس کورد-

لەمیانی ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئیزدییەکان و پێشوازیکردن لە چەند ئێزیدییەکى ڕزگاربووی دەستى داعش، مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق کورسییەکەى خۆى بۆ کچێکى بچکۆلە چۆڵ کرد کە یەکێک بوو لە میوانەکانى ئەو دیدارە. 

 

دوێنێ (دووشەممە، 3ى ئابى 2020)، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئیزدییەکاندا پێشوازی لە ژمارەیەک هاووڵاتى ئیزیدی ڕزگاربووی دەستی داعش کرد ولەمیانی پێشوازیکردنەکەدا کازمی کچێکی بچکۆلەى بەناوی (غەریبە) کە لەگەڵ دایکیدا هاتبوو، لەسەر تەختی سەرۆکایەتی حکومەت دانا".

 

غەریبە پاش دوو مانگ لەڕفاندنی دایکی و خانەوادەکەی لەماڵی ئەو چەکدارەی داعش لەدایکبووە کە دایکی ڕفاند بو و دەستبەسەری کرد بوو.

 

 لیلی شەمۆ، دایکی غەریبە دەڵێت "کچەکەم پاش دوو مانگ لە داگیرکردنی شەنگال هاتووەتە دونیاوە، ئەو کات کە داعش هێرشی کردە سەر شارەکەمان من دووگیان بووم".

 

دەشڵێت"غەریبە لە قەزای تەلەعفەر لەماڵی ئەو چەکدارەی داعش چاوی بەدونیا هەڵهێناوە کە منی ڕفاندبوو، بۆیە ناوم نا غەریبە".

 

شەمۆ ئاماژەی بەوەشکرد "چارەنوسی باوک و برا و خوشکەکانی غەریبە تائێستا نادیارە ونازانین چیان بەسەردا هاتووە و لەکوێن".

 

غەریبە لە ئێستادا یەکەم کچە لە مێژووی عێراقدا لەسەر تەختی سەرۆکایەتی وەزیرانی ئەو وڵاتە دابنێشت، پێشتریش مستەفا کازمی، منداڵێکی توشبووی نەخۆشی شێرپەنجەى لەسەرتەختی سەرۆکایەتی حکومەت دانابوو.

 

دوێنێ (دووشەمە) مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەساڵیادی شەشەمی کۆمەڵکوژی ئیزدییەکان پێشوازی لە شاندێکی ڕزگاربووانی دەستی داعش کرد لە ئیزیدییەکانی قەزای شەنگال وگوندی کۆجۆ و ناوچەکانی خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا.

 

 لەمیانی پێشوازیکردنەکە کازمی، دووپاتیکردەوە بۆ ئامادەبووان کە حکومەتەکەی کاری جددی دەکات بۆدۆزینەوە و زانینی سۆراغی ئیزدییە ڕفیندراوەکانی دەستی داعش، بەڵێنیشیدا چارەسەرەی کێشەکانی ئەو پێکهاتەیە بکات و داوکارییەکانیشیان لەدابینکردنی ئاسایش و خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکانیان جێبەجێ بکات.