گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕوسیا گرەنتی فەراهەمکردنى ملیۆنەها ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا دەدات لەساڵى داهاتوو  

2020.08.03 - 21:26
ڕوسیا گرەنتی فەراهەمکردنى ملیۆنەها ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا دەدات لەساڵى داهاتوو  

ناس کورد-

بەرپرسانی تەندروستی ڕوسیا ڕایانگەیاند، لەماوەیەکی نزیکدا سەدان هەزار دانە لە ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا بەرهەمدەهێنن و لەسەرەتای ساڵی داهاتووشدا پێشبینی دەکەن ژمارەی ڤاکسینە بەرهەمهێنراوەکان بەرزبێتەوە بۆچەند ملیۆنێک.

 

دێنێز مانتۆرۆڤ، وەزیری بازرگانی ڕوسیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاژانسی(تاس)ی وڵاتەکەی وتووە: "سێ کۆمپانیای پزیشکی ڕوسی دەتوانن لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا ڤاکسینێکی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەمبهێنن کە لەلایەن ناوەندی پزیشکی (نیکۆلای گامالیا) بۆ زانستی پەتاکان و و زیندەوەر بەچاونەبینراوەکان بەرهەمدەهێنرێت".

 

مانتۆرۆڤ ئاماژەی بەوەکردووە: "بەگوێرەی پێشبینییەکان دەتوانین مانگانە سەدان هەزار دانە لە ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا بەرهەمبهێنین و لەسەرەتای ساڵی داهاتووشدا پێشبینی دەکەین ژمارەکە بەرزبێتەوە بۆ چەند ملیۆن دانەیەک".

 

هاوشێوەی وڵاتانی جیهانی وڵاتی روسیا لە ئێستادا سەرقاڵی دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی چەند ڤاکسینێکە بە هاوکاری ناوەندی (گامالیا)ی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە.

 

بەرپرسانی تەندروستیی ڕوسیا دەڵێن، "یەکێک لە ڤاکسینەکان قۆناغەکانی توێژینەوە و تاقیکردنەوەی تەواوکردووە و چاوەڕێی ڕێوشوێنەکانی پەسەندکردنە و ئەگەری زۆرە مانگی ئۆکتۆبەر هەڵمەتی کوتانی بەرفروانی خەڵک لە دژی کۆرۆنا دەستپێبکات". 

 

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "ئینتەرفاکس"، میخائیل موراشکۆ، وەزیری تەندروستی ڕوسیا، ڕایگەیاندوە "ناوەندی (گامالیا)، سەرقاڵی تۆمارکردنی ڤاکسینەکەیە".

 

وتویەشیەتی "لەگەڵ پەسەندکردنیدا، ڤاکسینەکە بەکاردەهێنرێت بۆ هەڵمەتی کوتان لە دژی کۆرۆنا و سەرەتا تەندروستکاران و پاشان مامۆستایان دەکوترێن".



بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هەر لەم مانگەدا ڤاکسینەکە لەناو ڕوسیا پەسەند دەکرێت ئەوەش لە کاتێکدا کە ڤاکسینی دووەمیش لەلایەن ناوەندی (ڤیکتۆر) لە ناوچەی سیبیریا بەرهەمدەهێنرێت و بڕیارە لەمانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا بەکاربهێنرێت".

 

ڤاکسینەکە پێکهاتووە لە ڤایرۆسی هەڵامەتی ئاسایی، بەڵام دڕکە پڕۆتینییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی پێوە لکێنراوە، بەمەش کۆئەندامی بەرگری وەکو ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دەیبینێ و بەرگری لە دژی پەیدادەکات.

 

لە ئێستادا ڕوسیا پلەی چوارەمی هەیە لەسەر ئاستی جیهان لە ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە دوای هەریەکە لە ئەمریکا، بەرازیل و وڵاتی هیندستان دێت ژمارەی توشبووان بە پەتاکە لەو وڵاتە 856 هەزار حاڵەتی تێپەڕاندووە و زیاتر لە چواردە هەزار کەسیش بەنەخۆشییەکە گیانیانلەدەستداوە.