کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- شەهرام عەزیز
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هێزێكی هاوبەش لە ئاسایش و پۆلیس پێكدەهێنرێت.
.
سامی جەلال، بەرپرسی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و سەرۆكی لیژنەی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند"ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكانی دەركردووە و بەمنزیكانە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هێزێكی هاوبەش لە پۆلیس و ئاسایش پێكهێنراوە".
.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە ناتوانن بە دیاریكراوی كاتی داخستنەكان ڕابگەیەنن، بەڵام ڕەنگە "خاوەن پاڵاوگەكان لە خەودا بن و كە خەبەریان دەبێتەوە پاڵاوگەكەیان نەمابێت".
.
لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 200 پاڵاوگەی نایاسایی هەیە كە چاودێران لەو بڕوایەدان خاوەندارێتی زۆربەیان دەگەڕێتەوە بۆ بەرپرسانی سیاسی و كاریگەری خراپیان كردووەتە سەر ژینگەی هەرێم و لە ماوەی ڕابردوودا هەندێك پاڵاوگە داخران و لە ئێستاشدا بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران نزیكەی 169 پاڵاوگە دەگرێتەوە.
.
سامی جەلال روونیكردەوە، لیژنەكە هیچ پاڵاوگەیەكی نایاسایی لە هەرێم ناهێڵێت و سەرجەمیان دادەخەن ئەگەر هی گەورەترین بەرپرسیش بێت، وتیشی "داهاتوو ئەوە دەسەلمێنێت".
.