گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەى وڵاتانی هەژار؟

وڵاتانی دەوڵەمەند هەر لە ئێستاوە ڤاکسینی چاوەڕوانکراوی کۆرۆنایان قۆڕغ کردووە

2020.08.02 - 21:58
وڵاتانی دەوڵەمەند هەر لە ئێستاوە ڤاکسینی چاوەڕوانکراوی کۆرۆنایان قۆڕغ کردووە

ناس کورد-

هەتاوەکو کۆمپانیاکانی دەرمان زیاتر بەرەوپێشەوە بچن لە پەرەپێدانی ڤاکسینێک لە دژی کۆرۆنا، وڵاتانی دەوڵەمەندیش زیاتر پەلە دەکەن لە ئەنجامدانی گرێبەستی گەورە و گران بۆ بەدەستهێنانی ژمارەیەکی زۆر لەو ڤاکسینە.

 

پڕۆژەی ڤاکسینی چەندین کۆمپانیای گەورەی وڵاتان گەیشتووەتە قۆناغی تاقیکردنەوە قەرەوێڵەیی، چەند ئاماژەیەکی ئەرێنیش هەن لەبارەى سەرکەوتوویی و کاریگەریی ئەو ڤاکسینانە، بۆیە وڵاتانی دەوڵەمەندی جیهانیش پێشوەختە نزیکەى یەک ملیار دانەیان لەو ڤاکسینانە کڕیوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی بلومبێرگ، وڵاتانی دەوڵەمەند هەر زوو، تەنانەت پێش تەواوبوونی تاقیکردنەوەکانیش، ئەو گرێبەستانەیان ئەنجامداوە تاوەکو بتوانن ژمارەیەکی زۆر ڤاکسینیان دەستبکەوێت، لەکاتێکدا وڵاتانی تر هێشتا سەرقاڵی سەپاندنی چەند ڕێکارێکن بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەى زیاتری پەتای کۆرۆنا.

 

هەریەکە لە ئەمریکا و بەریتانیا گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیای دەرمانیی "سانوفی" و "گڵاسکۆ سیمس کڵاین" ئەنجام داوە، ژاپۆنیش گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای "فایزر" کردووە، هەروەها گرێبەستی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی تریش کردووە.

 

هاوکات یەکێتی ئەوروپاش جموجوڵیان دەستپێکردووە تاوەکو پێشوەختە چەندین ڤاکسین بکڕن، هەرچەندە تائێستا هیچ ڤاکسینێکیش دروست نەکراوە بە تەواوەتی.

 

هەرچەندە شارەزایان پێیان وایە ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ هەمووان بەردەست دەبێت، بەڵام لەوانەیە بەهۆی زۆری دانیشتوانی زەوی کە 7.8 ملیار کەسە، ئەوە شتێکی ئەستەم بێت.

 

بۆیە زۆرێک لەوە دەترسن کە وڵاتانی دەوڵەمەند دەستخستنی ئەو ڤاکسینە قۆرغ بکەن، وەک ئەوەى ساڵی 2009 ڕوویدا لەکاتی بڵاوبوونەوەى ئەنفلۆنزای بەراز.

 

بەپێی داتاکانی کۆمپانیای "ئێیەر فینیتی" تایبەتمەند بە شیکردنەوەى داتاکان، تاوەکو ئێستا هەریەکە لە ئەمریکا و ژاپۆن و بەریتانیا نزیکەى 1.3 ملیار دانە ڤاکسینیان کریوە بە شێوەیەکی پێشوەختە، واتە لە ئەگەری سەرکەوتنی، ئەوە کۆمپانیاکە ناچار بەوان بیفرۆشێت.

 

بەڵام کێشەکە چییە؟

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکە، لەوانەیە ئەو کۆمپانیایانەى کە ڤاکسین بەرهەمدەهێنن نەتوانن تاوەکو چارەکی دووەمی ساڵی 2022 یەک ملیار ڤاکسین بەرهەمبهێنن، ئەوەش مانای ئەوەیە کە وڵاتانی هەژار پێویستە کاتێک زۆر چاوەڕێ بکەن تاوەکو سەرەیان دێت بۆ کڕینی ئەو ڤاکسینە.

 

ڕاسموس پیچ هانسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای شیکردنەوەى بەریتانی دەڵێت، "تا چەند بە ئومێدەوە لە پێشکەوتنی زانستیش بڕوانین، بەڵام ڤاکسینەکان بەشی هەموو جیهان ناکەن."

 

کێشەیەکی تر هەیە، لەوانەیە زۆرجار کوتانی لەشی مرۆڤ پێویستی بە دوو یان سێ ڤاکسین هەبێت تاوەکو بتوانێت بەرگریی تەواو دژی ڤایرۆسەکان بەدەستبهێنن.

 

ئەوە لەکاتێکدایەە هەندێک لە پڕۆژە زانسییەکانی بۆ پەرەپێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە قۆناغی کۆتاییدایە وەک ڤاکسینەکەى زانکۆی ئۆکسفۆرد و هاوبەشەکەى "ئەسترا زینیکا".

 

ڤاکسینەکان پێویستییان بە چەندین ڕەزامەندی هەیە پێش ئەوەى بەرهەمبهێنرێن، ئەوەش کاتێکی زۆری پێویستە.

 

لەئێستا تاکە چانسی مرۆڤایەتی بۆ ڕزگاربوون لە پەتای کۆرۆنا دۆزینەوەى ڤاکسینی ڤایرۆسەکەیە کە تاوەکو ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ی ئابی 2020، 18 ملیۆن و 144 هەزاری کەسی لە جیاندا گیرۆدەکردووە، هەروەها 690 هەزار کەسیش بەهۆیەوە مردوون.