گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد هەڵوێستی پارتی لەبارەى وادەى هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئاشکرا دەکات

2020.08.02 - 19:01
ناس کورد هەڵوێستی پارتی لەبارەى وادەى هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر بڕیار و هەنگاوی کازمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە کۆدەنگی لایەنەکانی عێراقی لەگەڵ بێت ئەوە "ئێمەش پشتگیری دەکەین."

 

عەلی حسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو حیزبە بە ناس کوردی وت، "بابەتی دانانی کازمی و هەنگاوەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی گەلانی عێراق بوو لە حکومەتەکانی پێشوو، خەریک بوو دۆخەکە دەگەیشتە ئاستێک کە لەدەست دەربچێت و لێکترازان لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقی پەیدا بێت."

 

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی دیاریکردووە وەک وادەى هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق.

 

عەلی حوسێن وتیشی، "یەکێک لە کارنامە و بەڵێنەکانی کازمی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو، بەڵام ناڕەزایەتییەکانی شەقامی عێراقی زۆر پەیوەست نەبووە بە هەرێمی کوردستانەوە، چونکە کێشەکانی هەرێم و بەغدا کێشەى دەستورین."

 

جەختیشیکردەوە کە "ئەگەر لایەنە عێراقییەکان کۆک بن و گرفتیان نەبێت و ڕازی بن لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوە دوای ڕاوێژکردن پارتی و هەرێمی کوردستانیش کێشەى نابێت."

 

ڕاشیگەیاند، ڕووداوەکانی عێراق گرێدراون، "ئێمە ناتوانین پشتگیری شتێکی دیاریکراوی کازمی بکەین، بەڵکو ئێمە پشتگری کارێکی کازمی دەکەین کە داخوازییەکانی گەلانی عێراق بێتەدی، هەماهەنگی لەنێوان لایەنەکان دروستبکات، و عێراق بە ئاڕاستەیەکدا ببات کە لەو دۆخە دارایی و سیاسیی و ناسەقامگیرییەی تێیدایە ڕزگار بکات."

 

"هەروەها ئێمە وەک هەرێمی کوردستان چەند گرفتێکی دەستوریمان هەیە لەگەڵ بەغدا، دەبێت ئەو کەسە ئامادەیی چارەسەرکردنی هەبێت لەسەر بنەمای دەستور و هەوڵ بدات کێشەکانمان چارەسەر بکات، ئەگەروابێت بە دڵنیاییەوە پشتگیری هەنگاوەکانی دەکەین."

 

هاوکات خەسرەو گۆران، سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناس کوردی وت، بڕیارەکەى کازمی لە ڕۆژانی جەژن دەرچووە، "ئێمە وەکو پارتی هیچ هەڵوێستێک نادەین تاوەکو دوای جەژن کۆدەبینەوە و ئەو کات هەڵوێستی خۆمان ئاشکرا دەکەین."

 

وتیشی، "دەبێت بزانین لە پەرلەماندا چ جموجوڵێک هەیە، هەروەها بزانین یاسای هەڵبژاردنەکان کە تائێستا تێنەپەڕێنراوە چی بەسەر دێت، دواتر لە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی تر هەنگاو دەنێین."

 

ئاماژەى بەوەشکرد، "ئێمە عێراقین، هەر بڕیارێک لە بەغداوە بدرێت و بووە بڕیاری عێراقییەکان ئەوە ئێمەش بەشدار دەبین."