گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’كازمی تۆپەكەی فڕێداوە’’

پەرلەمانتارێكی كورد دیاریكردنی وادەى هەڵبژاردنی پێشوەختەی لەلایەن كازمییەوە بە ’’نەشیاو’’ دەزانێت

2020.08.02 - 16:03
پەرلەمانتارێكی كورد دیاریكردنی وادەى هەڵبژاردنی پێشوەختەی لەلایەن كازمییەوە بە ’’نەشیاو’’ دەزانێت

ناس كورد-

ئەندامێكی كورد لە  پەرلەمانی عێراق بەچەند هۆكارێك ئەو وادەیە بە نەشیار دەزانێت كە مستەفا كازمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پیشوەختە دیاری کردووە و دەڵێت، كازمی بەو كارەی تۆپەكەی فڕیداوەتە گۆڕەپانی دیكەوە.

 

جەمال كۆچەر بە میدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاندووە، دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا لەلایەن كازمییەوە بەچەند هۆكارێك كاتێكی شیاو نییە، یەكێك لەوانە ئەوەیە تا ئێستا پەتای كۆرۆنا چارەسەر نەكراوە و نازانرێت تاكەی بەردەوام دەبێت بەهۆی نەدۆزینەوەی چارەسەرێكەوە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، هۆكارێكی دیكەی ئەوەیە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان هیچ ئامادەییەکی نییە چونكە كارمەندەكانیان پێویستیان بەڕاهێنانێكی دوور و درێژ هەیە بۆ ئامادەكاری.


كۆچەر باسی لەوەش كردووە، یاسا نوێیەكەی هەڵبژاردنەكانیش هیشتا تێنەپەڕێنراوە و لەبەردەستی لایەنە سیاسیەكاندایە، ئەوە سەرباری دۆخە ئەمنییەكە بەهۆی هێرشەكانی داعشەوەوە، هەروەها كاریگەرییەكانی ململانێكانی ئێران و ئەمریكا لەسەر بارودۆخی ناوخۆی عێراق.

 

كۆچەر دەشڵێت، كازمی بەو بڕیارەی تۆپەكەی فڕێداوەتە گۆڕەپانی لایەنە سیاسییەكان و شەقامەوە.

 

هەفتەى ڕابردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە لەعێراقدا دیاریكرد.