گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان هەیە’’

لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان.. لیژنەی لێکۆڵینەوە باس لە بەفیڕۆدانی ملیاران دۆلار دەکات

2020.08.02 - 11:23
لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان.. لیژنەی لێکۆڵینەوە باس لە بەفیڕۆدانی ملیاران دۆلار دەکات

ناس کورد-

لیژنەى لێکۆڵینەوەی ڕاسپێردراو بە لێکۆڵینەوە لە دەروازە سنورییەکان ڕایگەیاند، ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە بەهەدەردانی داهات لە دەروازە سنورییەکان بە وردەکاریی تەواوەوە بڵاودەکرێتەوە. 

 

ناجی سەعیدی، ئەندامی لیژنەى دارایی پەرلەمان و سەرۆکى لیژنەى لێکۆڵینەوە لە دەروازە سنورییەکان دەڵێت، "80%ی لێکۆڵینەوەکان تەواو بوون و لیژنەکە گەیشتووەتە ئەنجام، دوای جەژن لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن و بڵاودەکرێنەوە."

 

سەعیدی ئاشکراشیکرد، "بەپێی ئەو ئەنجامەى کە بە بەڵگەى حاشاهەڵنەگر پێی گەیشتووین دەرکەوتووە لە ساڵانی ڕابردوودا گەندەڵییەکی زۆر هەبووە و ملیاران دۆلار بەفیڕۆدراوە" و جەختیکردەوە کە "ئەو ئەنجامانەى کە دواتر ڕادەگەیەنرێن وردەکاری تەواویان تێدایە."

 

ئاماژەى بەوەشکرد، "کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان دوو ئەمانج بەدی دەهێنێت، یەکەمیان بەرزکردنەوەى داهاتی بودجەى گشتی و چارەسەرکردنی کورتهێنان، دووەمیش پەرە بە بەرهەمی ناوخۆیی دەدات."

 

 سەرەتای مانگی ڕابردوو، مستەفا کازمی فەرمانی کرد بە ناردنی هێزی تایبەتی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ دەروازە سنورییەکان و کۆنتڕۆڵکردنیان بە تەواوەتی تاوەکو "شکۆی دەوڵەت" لە دەروازەکاندا بسەپێنرێن.

 

هەر ئەو کاتە فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکانى عێراق ڕایگەیاند، هێزى سەربازی بۆ 14 دەروازەى سنورى تەرخانکراوە کە دەسەڵاتى تەواویان پێدراوە.  

  

بەپێی بەیاننامەیەکى فەرماندەییەکە، لەسەر بنەماى راسپاردەى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران بۆ کۆنترۆڵکردنى دەروازە سنورییەکان و جیبەجێکردنى یاسا، بەرەنگاربوونەوەى پێشێلکاریی و گەندەڵى، هێزە هاوبەشەکان هێزى ئەمنییان بۆ سەرجەم خاڵە سنورییەکان تەرخاکردووە.  

  

جەختیشیکردووەتەوە، بەرپرسیارێتى پارێزگارى لە خاڵە سنورییەکان دراون بە یەکەکانى سوپاى عێراق.  

  

فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکانى عێراق ڕاشیگەیاندووە، خاڵە سنورییە ئاوییەکانى ئوم قەسرى باکور، ئوم قەسرى باشور، ئوم قەسرى ناوەڕاست، خۆر زوبیر. خاڵە وشکانییەکانى شەلامجە، بەدرە، مونزیرییە، سەفوان، قائیم، تەریبیل، شەیب، زرباتیە، ئەبو فلوس، عەرعەر،  لەلایەن هێزەکانەوە دەپارێزرێن .  

  

جەختیشیکردووەتەوە، ئەو هێزانە دەسەڵاتى تەواویان پێدراوە بۆ لێپرسینەوە لەهەر حاڵەتێکى پێشێلکاریی لەهەر لایەنێکەوە ئەنجام بدرێت.