گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کاردانەوەکانى دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە لەعێراق؛ دانانى مەرج و داواى وادەى نوێ

2020.08.01 - 21:55
کاردانەوەکانى دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە لەعێراق؛ دانانى مەرج و داواى وادەى نوێ

ناس کورد-

 

دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە لەلایەن مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانەوە کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا، بەشێک لە لایەنەکان پێشوازى لە وادەکە دەکەن و بەشێکى دیکەشیان داواى وادەیەکى زووتر دەکەن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن.

 

هەڵبژاردنى پێشوەختە یەکێکە لە خاڵەکانى کارنامەى حکومەتەکەى مستەفا کازمى، بەپێی بڕیارى کازمى کە دوێنێ ڕایگەیاند هەڵبژاردنى پێشوەختە لە شەشى حوزەیرانى ساڵى داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

 

دیاریکردنى وادەکە لەکاتێکدایە، هێشتا پەرلەمانى عێراق یاساى هەڵبژاردنەکانى بەتەواوى پەسەندنەکردووە و ماددەى تایبەت بە بازنەى هەڵبژاردنەکان بەهەڵپەسێردراوى ماوەتەوە، جگە لەوەش یاساى دادگاى فیدراڵى هەموارنەکراوەتەوە بۆ ئەوەى رێژەیی یاسایی ئەندامانى تەواو بکرێت کە تاکە لایەنى یاساییە بۆ پەسەندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان.

 

بڕیارەکە هەرزوو کاردانەوەى بەدواى خۆیدا هێنا، بەرەى رزگارى و گەشەپێدان یەکەم لایەن بوو کە هەڵوێستى خۆى ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، پشتیوانى بڕیارەکەى کازمى دەکات بەڵام پێش ئەوە پێویستە چەند هەنگاوێک بنرێت لەوانە، پشتبەستن بە خۆکاندیدکردنى تاکەکەسى و فرە بازنەیی، سیستەمى بایۆمەترى، چاودێریکردنى پڕۆسەکە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە.

 

لاى خۆیەوە، محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق داوایەکى وادەیەکى زوترى کرد بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن، لەگەڵ بەستنى کۆبوونەوەیەکى ئاشکرا بەبەشدارى سەرۆکایەتییەکان و هێزە سیاسییەکان بۆ جیبەجێکردنى رێوشوێنە دەستورییەکان بەپێی ماددەى 64 ى دەستور، کە بەوتەى ئەو، ئەوە تاکە رێڕەوى دەستورییە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە.

 

داواکەى حەلبوسى لەلایەن عەسائیبى ئەهلى حەقیشەوە پشتیوانى کرا بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە لەکاتێکى زوتر لەو وادەیەى کە کازمى ڕایگەیاند.

 

عەدنان فیحان سەرۆکى کوتلەى سادیقون لە پەرلەمانى عێراق سەر بە عەسائیبى ئەهلى حەق لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە کارێکى پێویستە بۆ گەڕاندنەوەى متمانە لەنێوان گەل و پڕۆسەى سیاسی".  

  

وتیشى "ئەگەر زووتر هەڵبژاردن بکرێت باشترە، بەبڕواى ئێمە لەمانگى نیساندا بێت باشترە و ماوەى هەشت مانگ بەسە بۆ تەواوکردنى ئامادەکارییەکان".  

 

بەهەمان شێوە، نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا پشتیوانى لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە لە وادەیەکى زووتردا کرد و ئاماژەى بەوەشکرد، هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق بەپشتبەستن بە دوو قۆناغ دەبێت و بەبێ ڕەزامەندى پەرلەمانتاران کەس ناتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.  

  

مالیکى ئەمڕۆ شەممە ئاماژەى بەوەکرد، هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان بەدوو قۆناغ دەبێت، یەکەمیان ئەو لایەنانەى کە داواى هەڵوەشاندنەوە دەکەن، دووەم ئەو لایەنانەى کە بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەکە دەدەن.  

  

جەختیشیکردووەتەوە، هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان بە دەنگدان دەبێت لە پەرلەمان، هیچ لایەنێکى دیکە دەسەڵاتى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى نییە بەبێ رەزامەندى پەرلەمان لەسەر هەڵوەشاندنەوەى خۆى.  

 

لاى خۆیەوە، هاوپەیمانى فەتح پشتیوانى بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە راگەیاند و پێشنیازێکى بۆ هەڵبژاردن لەوادەیەکى زوتردا ڕاگەیاند.

  

محەمەد غەبان سەرۆکى هاوپەیمانێتییەکە بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە "لەگەڵ سەرجەم کوتلە سیاسییەکانى دیکە کاردەکەن بۆ تەواوکردنى پەسەندکردنى یاساى هەڵبژاردن و دادگاى فیدراڵى، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە لەوادەى خۆیدا.  

  

محەمەد غەبان جەختیکردەوە، ئەوان پێشنیازیانکردبوو مانگى نیسان هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت کە کەشوهەواوەکە گونجاوترەوە و دەکەوێتە پێش هاتنى مانگى رەمەزان.  

 

داواى زۆربەى لایەنە سیاسییەکان یەکلاکردنەوەى پرسی یاساى هەڵبژاردنەکانە کە پێویستە پێش هەڵبژاردنەکە پەسەند بکرێت.

 

هاوپەیمانى نەسر بەسەرۆکایەتى حەیدەر عەبادى لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هیوادەخوازن سەرجەم دامەزراوە و هێزە سیاسییەکان کاربکەن بۆ لابردنى رێگرییەکانى پەیوەست بە یاساى هەڵبژاردن و ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پاک و ئازاد، دوور لە ساختەکاریی.

 

لاى خۆیەوە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان کە هەڵبژاردنەکان رێکدەخات، ئامادەیی خۆى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە بەچەند مەرجێک ڕاگەیاند.

 

کۆمسیۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، مەرجى یەکەم ئەوەیە پەرلەمانى عێراق یاساى هەڵبژاردنەکان بەزوترین کات پەسەند بکات و لە رۆژنامەى فەرمیدا بڵاوبکرێتەوە.  

  

ئاماژەى بەوەشکردووە، مەرجى دووەم ئەوەیە، پەرلەمانى عێراق یاساى پەیوەست بە دادگاى فیدراڵى تەواو بکات و پەسەندى بکات، بۆ تەواوکردنى رێژەى یاسایی ئەندامانى دادگاکە، کە تاکە لایەنى پەیوەندیدارە لەرووى یاساییەوە بۆ پەسەندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان.  

  

مەرجى سێیەمى کۆمسیۆن ئەوەیە، حکومەت بودجەى تایبەت بە هەڵبژاردن دابینبکات لەگەڵ پێداویستییەکانى کۆمسیۆن، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمسیۆن داواى لە مستەفا کازمى کردووە کۆبوونەوەیەکى تایبەتى ئەنجومەنى وەزیران تەرخان بکات بە گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرى ئەو کێشانەى روبەڕووى کارەکانى کۆمسیۆن دەبێتەوە.  

  

کۆمسیۆن ئاماژەى بەوەشکردووە، مەرجى چوارەمى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن، داواکردنە لە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانى دیکەى تایبەتمەند بە پێشکەشیکردنى هاوکارى لە بوارى هەڵبژاردن، دابینکردنى چاودێرى پێویست بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى ئازاد و شەفاف و پاک.