گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڵوەرینى قژ پەیوەندى بە کۆرۆناوە هەیە؟

2020.08.01 - 20:57
هەڵوەرینى قژ پەیوەندى بە کۆرۆناوە هەیە؟

ناس کورد-

 

هەندێ بەڵگە ئەگەرى بوونى پەیوەندى نێوان توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا و هەڵوەرینى قژى نەخۆش ئاشکرادەکەن، لەکاتێکدا هێشتا ئەوە وەک نیشانەى نوێی ڤایرۆسەکە نەناسێنراوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەى "بزنس ئینسايدر".

 

بەپێی راپۆرتەکە، بيگى گورولى ژنێکى ئەمریکى تەمەن (56) ساڵ، کە دواى زیاتر لە دوو مانگ توشبوونى بە ڤایرۆسى کۆرۆنا، روبەڕووى هەڵوەرینى قژى بەڕێژەیەکى زۆر بووەتەوە دەڵێت هەستى بە چاکبوونەوەى تەواوەتى نەکردووە، لەکاتێکدا لە پێنجى ئازارەوە تووشى نەخۆشییەکە بووە، لەگەڵ بوونى نیشانەکانى وەک ماندوێتى و تەنگەنەفەسى و چەند نیشانەیەکى دیکە.

 

وتیشى "هەڵوەرینى قژم لەگەڵ بوونى ئەو نیشانانەى دیکە، هەستێکى زۆر ناخۆش بووە بەلامەوە".

 

ئەو ژنە چووە ناو گروپێکەوە لەفەیسبوک تایبەت بە توشبووانى کۆرۆنا، زۆربەى ئەندامانى گروپەکە هاوبەشیان دەکرد لەبارەى ئەو نیشانانەى کە بەدەستیەوە دەناڵێنن.

 

ئەو ژنە دەڵێت یەکێک لە توشبووان رۆژێک پرسیارى ئەوەیکردووە کە ئایا کەس قژى هەڵوەریوە؟، لەوەڵامدا بەشێک لە توشبووان بەبەڵێ وەڵامیانداوەتەوە.

 

کچێکى ئەو ژنە کە تەمەنى 23 ساڵە و ئەنجامى پشکنینەکەى پۆزەتیڤ بووە، بەهەمانشێوە بەدەست هەڵوەرینى قژییەوە دەناڵێنێت.

 

سەنتەرى تایبەت بە کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستنى نەخۆشى لە ئەمریکا، هەڵوەرینى قژى وەک یەکێک لە نیشانەکانى کۆرۆنا دیارینەکردووە، بەڵام بەشێک لە پزیشکان هەستیان بەو جۆرە حاڵەتە کردووە لەناو توشبوواندا.

 

د.نیت فافینى بەرپرس لە دەستەى کۆکردنەوەى زانیارى لەبارەى توشبووانى کۆرۆنا لە ئەمریکا دەڵێت "توشبووانى کۆرۆنا بەدەست دەردانى تيلوجينەوە دەناڵێنن، کە حاڵەتێکە و دەبێتە هۆى وەستانى گەشەى قژ، کەدواى نزیکەى سێ مانگ لە توشبوون روودەدات".

 

باسى لەوەشکردووە، کەسێکى ئاسایی رۆژانە نزیکەى 100 تاڵى قژى لەدەستدەدات، بەڵام ئەوانەى بەهۆى کۆرۆناوە تووشى ئەو دۆخە دەبنەوە، نزیکەى سێ هێندەى ئەو بڕە رۆژانە قژیان هەڵدەوەرێت.

 

بەوتەى شارەزایان، ئەو دۆخە بەگشتى نزیکەى شەش مانگ دەخایەنێت، لەو ماوەیەدا توشبووان نزیکەى نیوەى قژیان لەدەستدەدەن.

 

بەپێی توێژینەوەکان، ژنانى تەمەن چل بۆ پەنجا ساڵان زیاتر ئەگەر هەیە روبەڕووى ئەو دۆخە ببنەوە.