گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشنیازى وادەیەکى دیکە دەکات

عەسائیب پشتیوانى داواکەى حەلبوسى دەکات لەبارەى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختەوە

2020.08.01 - 18:08
عەسائیب پشتیوانى داواکەى حەلبوسى دەکات لەبارەى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختەوە

ناس کورد-

 

کوتلەى سادیقونى سەر بە عەسائیبى ئەهلى حەق ڕایگەیاند، تێبینى هەیە لەسەر وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە کە لەلایەن مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانەوە دیاریکراوە و داواى وادەیەکى زووتر دەکات، ئەوەش هەمان داواى محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمانە کە بەرەبەیانى ئەمڕۆ ڕایگەیاند.

 

 

عەدنان فیحان سەرۆکى کوتلەى سادیقون لە پەرلەمانى عێراق لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە کارێکى پێویستە بۆ گەڕاندنەوەى متمانە لەنێوان گەل و پڕۆسەى سیاسی".

 

وتیشى "ئەگەر زووتر هەڵبژاردن بکرێت باشترە، بەبڕواى ئێمە لەمانگى نیساندا بێت باشترە و ماوەى هەشت مانگ بەسە بۆ تەواوکردنى ئامادەکارییەکان".

 

عەدنان فیحان ئاماژەى بەوەشکردووە، گۆڕینى سیستەمى ئێستا و هەڵبژاردنى سەرۆکوەزیران بەشێوەى راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە کارێکى قورسە و پێویستى بە گۆڕانکاریی دەستورى و راپرسی گەل هەیە، ئەوەش پێش ئەنجامدانى هەڵبژاردن کارێکى زەحمەتە.

 

هەروەها پێشنیازیکردووە، شێوازى هەڵبژاردنى پارێزگارەکان بگۆڕێت و راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێن، ئەوەش لە رۆژى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە راپرسی بۆ بکرێت.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، دواى چەند کاتژمێرێک لە دیاریکردنى شەشى حوزەیرانى داهاتوو بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە لەلایەن کازمییەوە، محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان داواى وادەیەکى زووترى کرد بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن.