گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان چوار مەرجى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت دیاریکرد

2020.08.01 - 16:49
کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان چوار مەرجى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت دیاریکرد

ناس کورد-

 

کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق چوار مەرجى دیاریکرد بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە لەشەشى حوزەیرانى ساڵى داهاتوودا، کە لەلایەن مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانەوە وەک وادەى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە.

 

کۆمسیۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، مەرجى یەکەم ئەوەیە پەرلەمانى عێراق یاساى هەڵبژاردنەکان بەزوترین کات پەسەند بکات و لە رۆژنامەى فەرمیدا بڵاوبکرێتەوە.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، مەرجى دووەم ئەوەیە، پەرلەمانى عێراق یاساى پەیوەست بە دادگاى فیدراڵى تەواو بکات و پەسەندى بکات، بۆ تەواوکردنى رێژەى یاسایی ئەندامانى دادگاکە، کە تاکە لایەنى پەیوەندیدارە لەرووى یاساییەوە بۆ پەسەندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان.

 

مەرجى سێیەمى کۆمسیۆن ئەوەیە، حکومەت بودجەى تایبەت بە هەڵبژاردن دابینبکات لەگەڵ پێداویستییەکانى کۆمسیۆن، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمسیۆن داواى لە مستەفا کازمى کردووە کۆبوونەوەیەکى تایبەتى ئەنجومەنى وەزیران تەرخان بکات بە گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرى ئەو کێشانەى روبەڕووى کارەکانى کۆمسیۆن دەبێتەوە.

  

کۆمسیۆن ئاماژەى بەوەشکردووە، مەرجى چوارەمى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن، داواکردنە لە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانى دیکەى تایبەتمەند بە پێشکەشیکردنى هاوکارى لە بوارى هەڵبژاردن، دابینکردنى چاودێرى پێویست بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى ئازاد و شەفاف و پاک.

 

مستەفا سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ هەینى کاتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی دیاریکرد و ڕایگەیاند، بەرواری 6ی حوزەیرانی 2021، هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.    

  

کازمی لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا، ڕایگەیاند "کاردەکەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی ئازاد ئەنجامبدرێت و  بەپێی ویستی گەل حکومەت پێکبهێنرێت".