گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رەزامەندى کۆشکى سپى لەسەرە

رۆژئاواى کوردستان و کۆمپانیایەکى ئەمریکى رێککەوتنێکى نەوتییان واژۆکرد

2020.08.01 - 15:27
رۆژئاواى کوردستان و کۆمپانیایەکى ئەمریکى رێککەوتنێکى نەوتییان واژۆکرد

ناس كورد-

 

ئیدارەى خۆبەڕێوەبەرى رۆژئاواى کوردستان رێککەوتنێکى لەگەڵ کۆمپانیایەکى ئەمریکى واژۆکرد بۆ فرۆشتنى نەوت، کە رەزامەندى کۆشکى سپیشى بەدەستهێناوە، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕى ئەلمۆنیتەرى ئەمریکى.

 

چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار لە رێککەوتنەکە بە ماڵپەڕەکەیان ڕاگەیاندووە، رێککەوتنەکە لەگەڵ کۆمپانیاى نەوتى دەلتا ئینێرجى ئەمریکى واژۆکراوە، بەبێ ئەوەى هیچ زانیارییەکى دیکە ئاشکرابکات.

 

سینەم محەمەد نوێنەرى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات لە ئەمریکا واژۆکردنى رێککەوتنەکەى پشتڕاستکردووەتەوە.

 

بەوتەى سەرچاوەکان، ئەمریکا رەزامەندى دەربڕیوە لەسەر ناردنى دوو پاڵاوگە بۆ ئیدارەى رۆژئاواى کوردستان بەمەبەستى دابینکردنى 20%ى پێداویستى ناوخۆیی ناوچەکە لەبەرهەمەکانى نەوت، بەڵام بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە نەتوانراوە پاڵاوگەکان رادەستبکرێت.

 

لیندزى گراهام سیناتۆرى نزیک لە دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ مەزڵوم عەبدى فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات جەختى لەسەر رێککەوتنەکە کردووەتەوە.

 

لەچەند رۆژى ڕابردووشدا مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لەبەردەم لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکا جەختیکردەوە کە رێککەوتنەکە لەقۆناغى جێبەجێکردندایە.

 

لەدواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەسوریا، دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەى چەند جارێک جەختیانکردەوە کە بەشێک لە هێزەکانیان بۆ پاراستنى کێڵگە نەوتییەکانى باکور و رۆژئاواى سوریا دەمێننەوە و رێگە نادەن ئەو کێڵگانە بکەوێتە دەست داعش و گروپە چەکدارەکان.