گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مالیکى: بەبێ ڕەزامەندى پەرلەمانتاران کەس ناتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە

2020.08.01 - 14:37
مالیکى: بەبێ ڕەزامەندى پەرلەمانتاران کەس ناتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە

ناس کورد-

 

نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا ڕایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق بەپشتبەستن بە دوو قۆناغ دەبێت و بەبێ ڕەزامەندى پەرلەمانتاران کەس ناتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.

 

مالیکى ئەمڕۆ شەممە ئاماژەى بەوەکرد، هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان بەدوو قۆناغ دەبێت، یەکەمیان ئەو لایەنانەى کە داواى هەڵوەشاندنەوە دەکەن، دووەم ئەو لایەنانەى کە بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەکە دەدەن.

 

جەختیشیکردووەتەوە، هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان بە دەنگدان دەبێت لە پەرلەمان، هیچ لایەنێکى دیکە دەسەڵاتى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى نییە بەبێ رەزامەندى پەرلەمان لەسەر هەڵوەشاندنەوەى خۆى.

 

وروژاندنى پرسی هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق لەلایەن مالیکییەوە، دواى رۆژێک دێت لەدیاریکردنى شەشى حوزەیرانى ساڵى داهاتوو وەک وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە لەلایەن مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانەوە.

 

عەلى تەمیمى شارەزاى یاسایی عێراقى پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە پێویستى بەچەند بنەمایەکى سەرەکى هەیە، لەوانە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان لەلایەن خۆیەوە یان بە بڕیارى هاوبەشى سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار، چونکە لەگەڵ بوونى پەرلەمان ناتوانرێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.