گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رێنماییەکان چین؟

گەشتە ئاسمانییەکان لەهەرێم دەستیپێکردەوە

2020.08.01 - 10:28
گەشتە ئاسمانییەکان لەهەرێم دەستیپێکردەوە

ناس کورد-

 

ئەمڕۆ دەرگاى فڕۆکەخانەکانى هەرێمى کوردستان بەرووى گەشتە ئاسمانییەکاندا کرانەوە، دواى نزیکەى پێنج مانگ لە راگرتنى گەشتەکان بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناوە.

 

فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ فڕۆکەخانەکە بە رووی گەشتیاراندا کرایەوە. پێویستە گەشتیارانی چوون و ھاتن دەمامک و دەستکێش بەکاربھێنن لە تێرمیناڵی فڕوکەخانە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی ئەو شوێنەی کە گەشتی بۆ ئەنجام دەدەن، گەشتیاران پێویستییان بە پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە جۆری (PCR). پێویستە گەشتیاران، بەر لە ھاتنیان بۆ فڕۆکەخانە، پەیوەندی بە ئەو ھێڵە ئاسمانییەوە بکەن کە گەشتەکەیان لە رێگەیەوە ئەنجام دەدەن، بۆ دڵنیا بوون لە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکانی ئەو شوێنەی کە بۆی دەچن.

 

پشکنینەکان، بەپێی بڕیاری بەڕێوبەرایەتی پاراستنی تەندروستی هەولێر، لە بنکەی تەندروستی زانکۆ، رێگای کەرکوک، تەنیشت کۆلێژی زانست، ئەنجام دەدرێن.

 

بەپێی رێنماییەکان، ئەو گەشتیارانەی کە دێنە ھەرێمی کوردستان، پێویستە یان پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە جۆری (PCR) بەر لە 48 کاتژمێر بەر لە ھاتنیان ئەنجام بدەن، یاخود لە کاتی گەیشتنیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پشکنینەکەیان بۆ ئەنجام دەدرێت و تێچوویەکەی دەکەوێتە سەرشانی گەشتیار.

 

هەر بەپێی رێنماییەکان، پێویستە سەرجەم گەشتیارە ھاتووەکان بەڵێننامەیەک پڕبکەنەوە کە بۆ ماوەی 14 رۆژ خۆیان کەرەنتین بکەن، لە دوای گەیشتنیان بۆ ھەرێمی کوردستان. ھەریەک لە شاندی فەرمی، خاوەنکار و ئەو گەشتیارانەی بۆ ماوەیەکی کورت دێنە کوردستان، ئەم خاڵەی سەرەوە (خۆ کەرەنتینکردن بۆ ماوەی 14 رۆژ) نایانگرێتەوە.

 

لاى خۆیەوە، فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، پێویستە پێش (48) کاتژمێر لە ئەنجامدانی گەشتەکە گەشتیاران پشکنینی (PCR) ئەنجام بدەن بۆ ئەو مەبەستە نەخۆشخانەی شەھید تاھیر علی والی بەگ لە سلێمانی - سەرچنار دیاری کراوە بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە.

 

داواشى لە ھاوڵاتیان کردووە ئەوانەی کە گەشتەکانیان نزیکە پەلە بکەن لە ئەنجامدانی ئەو پشکنینەبە پێچەوانەوە بەبێ ئەنجامدانی پشکنین گەشتیار ڕێگەی پێنادرێت گەشت بکات .