گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەستەی خاڵە سنورییەكان: بەمنزیكانە حكومەتی عێراق بەرەو خاڵە سنورییەكانی هەرێم دەجوڵێت

2020.07.31 - 21:34
دەستەی خاڵە سنورییەكان: بەمنزیكانە حكومەتی عێراق بەرەو خاڵە سنورییەكانی هەرێم دەجوڵێت

ناس کورد- 

دەستەی خاڵە سنورییەكانی عێراق ڕایگەیاند، حكومەتی عێراق لەبەرنامەیدایە بەمنزیكانە بۆ كۆنترۆڵكردنی خاڵە سنورییەكانی هەرێم بجوڵێت و بۆ ئەو مەبەستەش لەنێوان هەرێم و فیدراڵدا لێکتێگەیشتن هەیە.

 

عومەر وائیلی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی خاڵە سنورییەكانی عێراق بەمیدیا  عێراقییەکانی ڕاگەیاند، حكومەت لەبەرنامەیدایە دەسەڵاتەكانی خۆی بەسەر خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستاندا كە تائێستا لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدا نیە بسپەێنێت.

 

وائیلی ئاماژەی بەوەشکردووە، حكومەتی فیدراڵ و هەرێم لێکتێگەیشتنیان لەسەر خاڵە سنورییەكانی هەرێم هەیە، حكومەتی فیدراڵیش بەمنزیكانە بەرەو خاڵە سنورییەكانی هەرێم دەجوڵێت دوای كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی ئەو خاڵە سنورییانەی كە دەكەونە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی حكومەتی فیدراڵیەوە.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەرێمی كوردستان خاوەنی پێنج خاڵی سنوورییە كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵیەوە بەفەرمی دانیانپێدانەنراوە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر باسم خەشان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەوەی ڕایگەیاند، پرسی گرتنەبەری ڕێوشوێنەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی خاڵە سنورییەكان لەلایەن مستەفا كازمییەوە تەنها بانگەشەیە و هیچ ئاكامێكی ئەرێنیشی لێناكەوێتەوە، چونكە سەركەوتنی ئەو پڕۆسەیە بەستراوەتەوە بە گۆڕانكاری لەتیمی كارمەندانی خاڵە سنورییەكان و كۆتاییهاتنی ڕێگریكردن لەقاچاخچێتی و دوورخستنەوەی دەستی حزب.