گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری نوێ لەسەر سەرچاوەی تەقینەوەكەی كارگە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاشکرادەکرێت

2020.07.31 - 16:47
زانیاری نوێ لەسەر سەرچاوەی تەقینەوەكەی كارگە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاشکرادەکرێت

 

ناس کورد- 

سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لەپەرلەمانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، تەقینەوەكەی كارگەی ئەتۆمی نەتنزی نزیك تاران لەلایەنی دەرەكییەوە نەبووە، بەڵكو بۆ تێكچوونێكی ئەمنیی ناوخۆی كارگەكە دەگەڕێتەوە.

 

ئەمڕۆ هەینی 31ی تەمموزی 2020، موجتەبای زوو نوور، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە لەپەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندووە، لەسەر مێزی گفتوگۆ باس لەگریمانەی هێرشی موشەكی، یاخود هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ سەر كارگەی نەتنزی ئەتۆمی ئێرانی نەكراوە.

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، بنكەی بەرهەمهێنانی ئامێری دەركەری ناوەندی لەكارگەكە ڕوبەڕووی هیچ هێرشێكی موشەكی و بۆمبی نەبووەتەوە.

 

پێشتریش ئەندامێکی هەمان لیژنەی پەرلەمانی ئێرانی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، ڕوداوەكەی سەر كارگەی نەتنز بەهۆی كێشەی ئەمنیی ناو كارگەوە بووە.

 

هەر لەسەر ڕوداوەكە، ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئەوەی بڵاوكردەوە، هۆكاری تەقینەوەكەی كارگەی نەتنزی ئەتۆمیی ئێرانی هۆكاری بۆ كاری تێكدەرانە كە ئیسرائیل بەبەكارهێنانی بۆمبی چێنراو پێی هەستاوە دەگەڕێتەوە.

 

دوای ڕوداوەكەش ئێران جەختی لەوەكردەوە، گەر ئەوە سەلما دەستی دەرەكی لەپشتەوەی ئەو تەقینەوەیە هەیە ئەوا لێكەوتەی خراپی دەبێت.

 

سەرەتای ئەم مانگە تاران ڕووداوێكی تەقینەوەی لەكارگەی ئەتۆمی نەتنز ڕاگەیاند و باسی لەوەشكرد، تەگەرەی خستووەتە بەردەم كۆمەڵێك كاری بەرهەمهێنانی گرنگ لەو كارگەیە.

 

بەلای چاودێرانیشەوە كە قسەیان لەسەر زنجیرەیەك تەقینەوە کردووە کە لەچەند كارگەیەكی ئەتۆمی ئێرانیدا لەچەند هەفتەی ڕابردوودا ڕویانداوە، وای بۆچوون دەستی ئیسرائیل لەو ڕوداوانەدا كە بەمدواییانە لەئێراندا كەوتوونەتەوە هەبێت.