گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وێنە؛ لە سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك ئاژه‌ڵی سه‌ربڕدراودا گیرا کە شیاوی خواردن نەبوون

2020.07.31 - 16:34
وێنە؛ لە سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك ئاژه‌ڵی سه‌ربڕدراودا گیرا کە شیاوی خواردن نەبوون

ناس کورد-

به‌هۆی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ به‌شێوه‌یه‌كی ناته‌ندروست له‌یەکەم ڕۆژی جه‌ژنی قوربانی پیرۆزدا، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ستیان به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك ئاژه‌ڵی سه‌ربڕدراودا گرت و سه‌رۆكی لیژنه‌كانیش هۆشیاری توند به‌و كه‌سانه‌ ده‌دات کە له‌ شه‌قام و گه‌ڕه‌كه‌كان ئاژه‌ڵ سه‌رده‌بڕن.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا قائیمقامییەتی سلێمانی ڕایگەیاند: "به‌هۆی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ به‌شێوه‌یه‌كی ناته‌ندروست له شه‌قام و گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كان له‌ ‌رۆژانی جه‌ژنی قوربانی پیرۆزدا،‌ لیژنه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك ئاژه‌ڵی سه‌ربڕدراودا گرتوه‌، كه‌ گۆشته‌كه‌ی شیاوی خواردن و به‌كارهێنان نییه‌‌."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: " ئه‌و كوشتارگایانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانی‌ سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات، پێش سه‌ربڕین و پاش سه‌ربڕین، پشكنین بۆ ئاژه‌ڵه‌كه ده‌كه‌ن‌ تابزانرێت بۆ ئاژه‌ڵه‌كه‌ بۆ سه‌ربڕین شیاوه‌، دواتر بۆ دڵنیابونه‌وه‌ له‌ ته‌ندروستی گۆشته‌كه‌ بۆ خواردن پشكنینی بۆ ده‌كرێته‌وه‌ پاشان مۆر ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی له‌ كۆڵان و شه‌قامه‌كان سه‌رده‌بڕدرێن، پشكنینیان بۆ نه‌كراوه و‌ نازانرێت هه‌ڵگری چجۆره‌ نه‌خۆشیه‌كن، بۆیه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه‌ رێگری له‌ سه‌ربڕین و فرۆشتنیان ده‌كرێت."

 

ڕونیشیکردووەتەوە:" به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما واده‌كات زوتر به‌كتریا له‌ناو گۆشتی ئاژه‌ڵی سه‌ربڕدراودا گه‌شه‌ بكات، ئه‌مه‌ش واده‌كات زوتر گۆشته‌كه‌ خراپ ببێت و مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌ندروستی ئه‌و كه‌سانه‌ی گۆشته‌كه‌ده‌خۆن دروست بكات."

 

راشیگه‌یاندووە: "به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی بڕیار و رێنماییه‌كانی ژووری ئۆپراسیۆنه‌كانی خۆپارێزی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ سلێمانی، لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت به‌هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش و لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی،‌ رۆژانی جه‌ژنی قوربانی پیرۆز له‌ئه‌ركدا ده‌بن بۆ به‌دواداچونی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌ شه‌قام و كۆڵان و گه‌ڕه‌كه‌كان، له‌كاتی هه‌بونی ‌سه‌رپێچی، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌شه‌قام و كۆڵان و گه‌ڕه‌كه‌كان ئاژه‌ڵ‌ سه‌رده‌بڕن و خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كه‌ش روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی توند ده‌كه‌نه‌وه‌‌."

 

ئاماژه‌ی بەوەشکردووە: 'به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی ئاژه‌ڵه‌ سه‌بڕدراوه‌كان ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانی ده‌كرێت بۆ له‌ناوبردن."