گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خامنەیی: پیشەسازی ئەتۆمی دەپارێزین و لەگەڵ ئەمریکا ڕێکناکەوین

2020.07.31 - 14:58
خامنەیی: پیشەسازی ئەتۆمی دەپارێزین و لەگەڵ ئەمریکا ڕێکناکەوین

ناس کورد-

ڕابەڕی باڵای ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئامانج لەسزاكانی ئەمریكا مایەپووچكردنی ئابووری ئێرانە ڕەفتارەكانیشی لەگەڵ گەلاندا خراپترە لەڕەفتاری ئەو پۆلیسەی كە ئەژنۆی خستە سەر پیاوە ڕەشپێستەکە، دەشڵێت، لەگەڵ ئەمریکا ڕێکناکەون و پیشەسازی ئەتۆمی دەپارێزن.

 

لەوتەیەكیی دا كە بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پێشكەشی كرد، عەلی خامنەی، ڕابەری باڵای ئێران ڕایگەیاند، ئەمریكا دەیەوێت لەڕێگەی سەپاندنی سزای كورتخایەنەوە بۆ سەر ئێران، هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجە درێژەخایەنەكە بدات كە داڕووخاندنی ئابوورییەكەیەتی.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، گەمارۆدانی ئێران کێشەی دروست کردووە، بەڵام هەمووشی هی گەمارۆ نییە و هەندێکی ناوخۆییە و پێویستی بە بەڕێوەبەرایەتی كردن هەیە و ئەمریكاش دەیەوێت لەرێگەی زیانگەیاندن و ترساندنەوە وا لەخەڵكی بكات لەدژی دەسەڵاتدارەكانیان بووەستنەوە.

 

خامنەی باسی لەوەش كرد، واشنتۆن دەیەوێت پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و لایەنە بەرخۆدانكارەكانی ناوچەكە لەڕێگەی ئەو سزایانەوە بپچڕێنێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو، سازش كردن بۆ ئەمریكا بۆ هەڵگرتنی سزاكان چارەسەر نیە و گەر سازش بكەن لەبەردەمیی دا ئەوا ناچاری ملكەچكردنیان بەكۆمەڵێك داواكاری دیكە دەكات.

 

جەختی لەوەشكردووەتەوە، خەونەكانی ئەمریكا بۆ گەیشتن بەئامانجەكانی لەرێگەی سزاكان و فشاركردن لەسەر ئێران نایەتەدی و ئامانجێكی دیكەش دابڕانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە گەڵ بەرەی بەرخۆدانەكاردا لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەو خەیاڵەشیان هەر نایەدی.

 

ڕابەری ئێران دەشڵێت، هەوڵی پاراستنی پیشەسازی ئەتۆمییانداوە گەرچی ڕێكکەوتنە ئەتۆمییەكە زیانی زۆری پێگەیاندوون، بەڵام بەرنامەی ئەتۆمی پێداوێستییەكی سەرەكی ئێرانە و لەگەڵ ئەمریكاشدا ڕێكناكەون، چونكە نایانەوێت لەتواناكانیان دابماڵدرێن.