گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەبارەی کێشەی ئۆکسجین تەندروستیی هەولێر ڕونکردنەوە بۆ ڕای گشتیی دەدات

2020.07.30 - 20:38
لەبارەی کێشەی ئۆکسجین تەندروستیی هەولێر ڕونکردنەوە بۆ ڕای گشتیی دەدات

ناس کورد-

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەولێر لەبارەی کێشەی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی ڕزگاریی شارەکە، ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کێشەیەکی کاتی بووە و هیچ توشبوویەکیش بەوهۆیەوە گیانی لەدەستنەداوە.

 

لە ڕونکردنەوەیەکدا د. بژار موسا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند: "سەبارەت بەدۆخی نەخۆشخانەی ڕزگاری بۆ هەموو لایەک ڕووندەکەینەوە کەوا بە دوو شێواز ئۆکسجین دابین دەکرێت بۆ نەخۆشانی تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە نەخۆشخانەکان و بەنەخۆشخانەی ڕزگاریشەوە."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: " یەکەمیان لە ڕێگای ئۆکسجینی مەرکەزی نەخۆشخانە و ڕێگای دووەم بە شێوازی بوتڵ ( قنینە)، ڕاستە بۆماوەیەکی کاتی ئۆکسیجینی شل دواکەوتووە لە گەیشتنی، بەڵام لەهەمان کات لە ڕێگای دووەم کە ئۆکسجینی بوتڵە بۆ تەواوی ئەوانەی پێویستیان بە ئۆکسجین بووە دابین کراوە لەناو نەخۆشخانە و لەهەمان کات تیمەکان خەریکی چارەسەرکردنی دواکەوتنی ئۆکسجینی شل بوون و توانرا بەماوەیەکی کاتی کەم کێشەکە چارەسەربکرێت."

 

وتەبێژی تەندروستیی هەولێر باسی لەوەشكردووە: " بەهۆی بەهەڵەنیشاندانی بابەتەکە لەلایەن هەندێك لە میدیاکانەوە، خانەوادەی ئەو تووشبوانە کەوتوونەتە ترس و دڵەڕاوکێ و هەوڵیانداوە ئۆکسجین دابین بکەن بۆ تووشبووان."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو: " ڕەتیدەکەینەوە هیچ نەخۆشێک بەهۆی نەبوونی ئۆکسجین گیانی سپاردبێت، بۆ زانیاری هەموولایەك نەخۆشخانەی ڕزگاری زۆربەی ئەو حاڵەتانەی لێخەوێندراوە کەوا باری تەندروستیان باش نییە و دۆخی تەندروستیان جێگیر نییە و بەردەوام پێویستیان بە چارەسەری وردی پزیشکییە، بەداخەوە ڕۆژانە ڕێژەیەک بەهۆی قورسی باری نەخۆشیەکەیان گیان دەسپێرن کە ئێمە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بۆ خانەوادەی خوالێخۆشبوان دەنێرین و هیوای چاکبوونەوە بۆ تووشبوان دەخوازین."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "داوا لەهاووڵاتیان دەکەین بە هۆشیاریەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە مەترسیدارە بکەن، مەترسی ئەم ڤایرۆسە جدیە، بە پەیڕەوکردنی ڕێنماییە خۆپارێزیەکان خۆتان و خانەوادەکەتان و سەرجەم هاوڵاتیان دەپارێزن، و دەبنە هاوکار و پاڵپشتی تیمە تەندروستیەکان و دەزگا و پێداویستیە پزیشکیەکان."