گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێكى کورد پێشنارێك بۆ دەرچوونی عێراق لە قەیرانى ئابورى دەخاتە ڕوو

2020.07.30 - 15:00
پەرلەمانتارێكى کورد پێشنارێك بۆ دەرچوونی عێراق لە قەیرانى ئابورى دەخاتە ڕوو

ناس کورد-

ئەندامێكی كورد لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕاكێشانی وەبەرهێنانی بیانی و ئامادەكردنی بودجەیەكی وەبەرهێنانی كردارەكی باشترین چارەسەرە بۆ دەرچوونی عێراق لە قەیرانى ئابورى.

 

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەمیدیاكانی ڕاگەیاند، ڕاكێشانی وەبەرهێنانی بیانیی یەكێكە لەهۆكارە گرنگەكان بۆ وڵاتێك كە بیەوێت ئابوورییەكەی پێشبخات و لە قەیرانى ئابورى ڕزگارى بکات بەوپێیەی كە هیچ وڵاتێک لەجیهاندا نیە كە تەنها پشت بەیەك چەشنی سەرچاوەی داهات ببەستێت.

 

كۆچەر ئەوەشی ڕوونكردوەتەوە، چین كە بەیەكێك لەبەهێزترین خاوەن ئابوورییە جیهانییەكان دادەنرێت نیوەی داهاتە وەبەرهێنراوەكانی لەوەبەرهێنانی دەرەوە دەستیكەوتووە نەك تەنها لەناو  چینەوە داهاتەكانی دەست بخات.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ڕەخساندنی ژینگەیەك بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنان چ لەڕێگەی نەهێشتنی ڕۆتینەوە دەبێت یاخود لەڕووی ڕەخساندنی كەشوهەوایەكی ئارام و ئاسایشەوە بۆ وەبەرهێنەری بیانی دەبێت كە ئەوەش كارێكی پێویستە بۆ پتەوكردنی ئابووری عێراق.

 

ئەندامە كوردەكەی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق باسی لەوەش كردووە، گەر ئەوانە نەكرێت و تەنها پشت ببەسترێت بە سەرچاوە ناوخۆییەكان و داهاتێكی ناجێگر و فشەڵ ئەوا لەڕووی ئابوورییەوە هەرچەندە كاتەكانیش تێبپەڕن ئەوا وڵات پێش ناكەوێت.



كۆچەر ئەوەشی خستووەتە ڕوو، داهاتێكی زۆر بۆ موچەی فەرمانبەران و خەرجی بەكاربردن كە دەگاتە 70% دەڕوات، نزیكەی كۆی بودجەكەیە و هیچ بودجەیەكی وەبەرهێنان تەرخان نەكراوە كە هەلی كار بڕەخسێنێت و پاڵپشتی كەرتی تایبەت بكات و ئاسۆی كار بكاتەوە.