گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتی پەیوەندییەكان: قاچاخچییانى ئینتەرنێت ڕەوانەی دادگا دەکرێن 

2020.07.30 - 13:04
وەزارەتی پەیوەندییەكان: قاچاخچییانى ئینتەرنێت ڕەوانەی دادگا دەکرێن 

ناس کورد- 

وەزارەتی پەیوەندی و ڕاگەیاندنی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، كۆڵیان لەپڕۆسەكانی گەڕان و پشكنین بەدوای قاچاخچیەكانی دزینی ئینتەرنێت نەداوە و دەیان كەس كە بەو كارە تێوە گلاون ڕەوانەی دادگا كراون.

 

باسم ئەسەدی، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای گشتی بۆ پەیوەندیی و زانیارییەكانی سەر بەوەزارەتی پەیوەندیەكانی عێراق بەمیدیا حكومییەكانی ڕاگەیاندووە، وەزارەت گەڕانە تایبەتەكانی پڕۆسەی پشكنینی مەیدانی بۆ سەر پێگە نایاساییەكانی تایبەت بەدزین و قاچاخاچێتیكردن بەكیگاباتەكانی ئەنتەرنێتەوە ڕانەگرتووە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، لەگرنگترین ئەو ئەنجامانەی كە لەو پڕۆسانە بەدەستهاتوون و لەلایەن وەزارەتی پەیوەندییەكان بەهاریكاریی لایەنە پاڵپشتەكان دەستی پێكردووە، ڕاگرتنی گەورەترین پڕۆسەی پێگەی دزیكردن و قاچاخی بە ئینتەرنێت بووە كە لەسەر چیای مرورای لەشارۆچكەی خانەقین و دواتر ئەو پڕۆسەی بەقاچاخبردنە ڕاگیراوە و لەڕێگەیەكی یاساییەوە بەسەرپەرشتی وەزارەت هێڵەكانی ئینتەرنێت بەشێوەیەكی ڕێكخراو پێشكەش كراوە.

 

وەزارەتی پەیوەندییەكان ئەوەشی خستووەتە ڕوو، وەزارەت لەڕیگەی پاڵپشتیكردنی دەزگاكانی ئاسایشی نیشتیمانی و هەواڵگرییەوە دەیان كەسی بەرپرس لە بەقاچاخبردن و دزیكردنی ئینتەرنێت ڕەوانەی دادگا كردووە.

 

جەختیش لەوە كراوەتەوە، دەزگا ئەمنیەكان كار بۆ ئەوە  دەکەن لەدوای پوچەڵكردنەوەی كاری بەقاچاخبردن و دزیكردن لەڕێگەی پڕۆسەكانی كنەو پشكنینەوە لەسەرەتای دەستپێكردنەوەیەوە تاوەكو ئێستا ئەوانەی تێوە گلاون دەستگیر بكرێن و هەروەها وەزارەتی پەیوەندییەكانیش هەڵدەستێت بەگرتنەبەری ڕێوشوێنە هونەرییەكان بۆ ڕاگرتنی كاری بەقاچاخبردن و دزیكردن لەكیگابایتەكانی ئینتەرنێتدا لەڕێگەی پسپۆڕەكانی بوارەكەوە.