گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

راپەڕین: ئافرەتێک بەڕوداوی هاتووچۆ گیانی لە دەستدا

2020.07.30 - 08:58
راپەڕین: ئافرەتێک بەڕوداوی هاتووچۆ گیانی لە دەستدا

ناس کورد-

بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى راپەڕین راگەیەندراوێکى لەبارەى گیانلەدەستدانى ئافرەتێک بە ڕوداوى هاتووچۆ بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوە کرد لە رووداوەکەدا سێ کەسى تر بریندار بوون.

 

لەراگەیەندراوى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى راپەڕین ئاماژە بەوە کراوە "هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی بیتوێن ئاگادارکردنەوە بە بوونی ڕوداوێکی هاتوچۆ لە جۆری پێکدادان لە نێوان دوو ئۆتۆمبیل یەکەمیان لە جۆری قەمەرە ئۆپڵ وە دوەمیان لە جۆری پیک ئاپ نیسان لەسەر ڕێگای سەرەکی نێوان چوارقوڕنە/ بۆسکێن".

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لەگەڵ گەیەشتنیان بۆ شوێنی ڕوداوەکە، دەرکەوت کە هاوڵاتی (ح،ص،م) تەمەن ٢٢ ساڵ لە ڕەگەزی مێ، دانیشتوی شاری هەولێر کە سەرنشینی ئۆتۆمبیلی جۆری ئۆپڵە لە ڕوداوەکە گیانی لە دەست داوە. دوای ئەنجامدانی توێکاری بۆ تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەری ڕانیە، ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ڕوداوەکەشدا سێ کەسی تر بریندار بوون کە شۆفێری ئۆتۆمبیلی ئۆپڵەکە و سەرنشینێکی ئۆپڵەکە لەگەڵ  شۆفێری پیک ئاپەکە بریندار بوون و چارەسەری پێویستیان لە نەخۆشخانە بۆکرا و لە ئێستادا برینەکانیان جێگیرە.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، دۆسیەى لێکۆڵینەوە بەپێی بەشی ٢٤ لە یاسای هاتوچۆ بۆ ڕوداوەکە کرایەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە.