گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئيمارات و ميسر و هەر وڵاتێكى تر دەستوەردان بكات مەترسى سزادانيان لەسەرە

كۆنگرێسى ئەمريكا گفتوگۆ لەسەر سەپاندنى سزا بەسەر توركيا و ڕوسيا دەكات

2020.07.30 - 08:29
كۆنگرێسى ئەمريكا گفتوگۆ لەسەر سەپاندنى سزا بەسەر توركيا و ڕوسيا دەكات

ناس کورد-

گۆڤارى فۆڕن پۆليسى ئەمريكى ئاشكرايكردوە، كۆنگرێسى ئەمريكا لە گفتوگۆدايە سەبارەت بە سەپاندنى سزا بەسەر هەريەكە لە روسيا و توركيا ئەوەش بەهۆى زيادكردنى گرژيەكانى شەڕى ناوخۆيى ليبيا، بەتايبەتى كە پێشتر ئەو وڵاتە هۆشدارى دابوو لە بەكارهێنانى گروپە چەكداريەكان.

 

گۆڤارەكە ئاماژەى بەوەداوە، ياساى "سەقامگيرى ليبيا" كە پێشبينى دەكرێت ئەم هەفتەيە لەلايەن ليژنەى كاروبارەكانى دەرەوەى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمريكا دەربكرێت سزا بەسەر ڕوسيا و توركيادا دەسەپێنێت لەماوەى شەش مانگدا، بەوەش ڕێگە بە حكومەتى ئەمريكا دەدات كە ڤيزاى چونە ناو ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا بۆ ئەو كەسانەى سزاكان دەيانكاتە ئامانج هەڵوەشێنێتەوە هەروەها هەرچى پارەيەكيان هەبێت لە بانكەكانى ئەمريكا، بلۆک بکرێن.

 

ياريدەدەرێكى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمريكا كە ئاگادارى ياساكەيە بە گۆڤارەكەى وتوە، نامانەوێت ڕوسيا پێ بخاتە ناوچەى دەرياى ناوەڕاست لە ليبيا كە نزيكى ئەوروپايە.

 

شەڕى ليبيا لەنێوان حكومەتى ويفاقى نيشتمانى كە لايەنى نێودەوڵەتى دانيپێدا نراوە و لەلايەن توركياوە پشتگيرى دەكرێت، هەروەها هێزەكانى "سوپاى نيشتمانى" بە سەرۆكايەتى خەليفە حەفتەر كە لەلايەن ڕوسيا و ميسرەوە پشتگيرى دەكرێت.

 

سزا بەسەر ميسردا

ياريدەدەرانى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمريكا باسيان لەوەكردوە، ياساكە رێگە دەدات كە سزا بەسەر ميسريشدا بسەپێنرێت ئەگەر عەبدولفەتاح سيسى سەرۆكى ئەو وڵاتە بەردەوام بوو لەسەر هەڕەشەكانى بۆ ناردنى سوپاى ميسر بۆ ليبيا.

 

لەم مانگەدا پەرلەمانى ميسر ڕەزامەندیدا لەسەر ئەوەى كە هێزەكانى وڵاتەكەى لە ليبيادا بڵاوبكرێتەوە، ئەوەش ئەگەرى هەيە ئەنقەرە و قاهيرە بەيەكدا بدات و كێشمەكێشەكان لە ليبيادا زياتر ببن.

 

سەرەڕاى ئەوەى چەند وڵاتێك پەستانيان لەسەر ميسر دروستكردوە بۆ ئەوەى بچێتە ناو كێشمەكێشەكانەوە بەڵام لەوانەيە بە شێوەيەك بێت كە ڕوبەڕوى توركيا نەبێتەوە هەروەها دەرگا بۆ سزاكانى ئەمريكا بۆ سەر خۆى نەكاتەوە، بەتايبەتى دواى ئەوەى سيسى لە پەيوەنديەكى تەلەفۆنيدا لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆكى ئەمريكا لە قسەكانى سەبارەت بە دەستوەردان پاشگەز بويەوە و داواى وەستانى شەڕى ليبياى كرد.

 

جەليل حەرشاوى شيكەرەوە لە پەيمانگاى كلينگينديڵ لە لاهاى دەڵێت، ميسر زۆر دودڵە و بە گومانە سەبارەت بە حكومەتى ويفاقى نيشتمانى.

 

لە چەند هەفتەى ڕابردودا گرژيە سەربازيەكانى ليبيا زياديان كردوەو سوپاى ئەمريكى ئەوەى ئاشكرا كردوە كە ڕوسيا هەزارەها كەسى لە گروپى چەكدارى ڤاگنەرى وڵاتەكەى و زياتر لە 12 فڕۆكەى شەڕكەرى ڕوسى جۆرى Mig-29 و Su-24 ى لە ليبيا بڵاوكردوەتەوە.

 

گاليب دالاى شيكەرەوە لە ئەكاديمى ڕۆبەرت بۆش باسى لەوە كردوە، سەرجەم لايەنە كاريگەرەكان لە ليبيا بونى سەربازى خۆيان لەسەر زەويدا بەهێز دەكەن، بەڵام لە هەمان كاتدا هەموان ئامادەى گفتوگۆن.

 

دزەكانى نەوت

تيد دوش ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمريكا لەسەر پشكى ديموكراتەكان دەڵێت، ياساكە پێشێلكەرانى مافەكانى مرۆڤ و دزەكانى نەوت لە ليبيا دەكاتە ئامانج.

 

كۆنگرێسى ئەمريكا هەوڵى ئەوە دەدات ئيدارەى دۆناڵد ترامپ سەرۆكى ئەو وڵاتە ناچار بكات ڕێوشوێن دژى ڕوسيا و توركيا بگرێتە بەر، ئەوەش بەهۆى هەڵەكانيان لە سياسەتى دەرەوەدا.

 

لە ڕاپۆرتێكى كۆنگرێسى ئەمريكا كە هەفتەى پێشوو بڵاوكرايەوە پشكنەرى وەزارەتى بەرگرى بۆ پرۆسەكانى دژە تيرۆر لە باكورى ئەفريقا ئەوەى ڕونكردوەتەوە، 800 بۆ 2500 ئەندامى گروپى چەكدارى ڤاگنەر لە ليبيان و پشتگيرى حەفتەر دەكەن، هەروەها وێنەى فڕۆكە ڕوسيەكان بڵاوكراونەتەوە كە ياساى قەدەغەى چەكى نەتەوە يەكگرتوەكانيان پێشێلكردوە.

 

نيگەرانى لە ڕادەبەدەر

پێشتر ڕۆژنامەى وۆڵ ستريت جۆرناڵ ئەوەى بڵاوكردبوەوە، وەزارەتى خەزێنەى ئەمريكا هەڕەشەى سەپاندنى چەند سزايەكى ترى بەسەر حەفتەردا كردوە ئەوەش بەهۆى بەكارهێنانى گروپى چەكدارى ڤاگنەر لە گەورەترين كێڵگەى نەوتى لە ليبيا، هەروەها چەند وڵاتێكى وەك ئيمارات، توركيا و ميسريشى بەوە تۆمەتبار كردوە كە ياساى قەدەغەى چەكيان پێشێلكردوە و بەرپرسێكى ڕێكخراوەكە پێى وايە قەدەغەى چەك بووە بە گاڵتە و داواشى كردوە چاودێرى توندتر هەبێت.

 

بڕیارە سزا نوێكانى ئەمريكا گروپى ڤاگنەر و كۆمپانياكانى سەر بەو گروپە بگرێتەوە و هەر سەرچاوەيەكى داهاتيان هەبوو لە ئەمريكا بلۆک بکرێت و ڕێگەشى نەدرێت كارى بازرگانى لە ئەمريكا بكات و چالاكى لە ڕۆژهەڵاتى ئۆكرانيا و سورياش هەبێت.

 

پێشتريش هەر لەم مانگەدا وەزارەتى خەزێنەى ئەمريكا سزاى بەسەر چەند كۆمپانيايەكى گروپى چەكدارى ڤاگنەردا سەپاند كە لە سودان كاردەكەن و هاوكارى عومەر بەشير سەرۆكى پێشوى سودان دەكەن بۆ سەركوتكردنى خۆپيشاندەران.